نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان : کۆمەڵێک ھەنگاوی تازەمان لە بارەی ماددەی ١٤٠ ناوە
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ لە عێراق ووتی : لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ لە عێراق مانگانە کۆبوونەوە ئەنجام دەدات و پێشوەچوونیش لەکارەکانی ھەیە، بەڵام وەکو پێویست نین و لەو ماوەیەش کۆمەڵێک ھەنگاوی تازەمان ناوە، لەوانە نابێت سوپا دەست لە کێشەی زەوی وەربدات، لەمەودوا پارێزەر و ڕۆژنامەنووسانی ھەرێمی کوردستانیش تۆمار کراون لە زەوی وەرگرتن سودمەند دەبن.
دژوار فایق، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ لە عێراق، ڕایگەیاند : ئەو نووسراوەی پارێزگاری کەرکووک دەریکردووە لەبارەی ئەوەی ئاوارە و عەرەبی ھاوردە بە خەڵکی ڕەسەنی کەرکووک ھەژمار بکرێن لای ئێمە قابیلی قبوڵ نییە و ڕەتی دەکەینەوە، چوونکە لە عێراق دەستوور ھەیە و پێویستە بڕیارەکان لەگەڵ ماددەی ١٤٠ و دەستوور بگونجێت، بۆیە دەکرێت خەڵک لە ھەر پارێزگایەک نیشتەجێبن، بەڵام ناکرێت لە کەرکووک ناوی لە تۆماری ١٩٥٧ نەبێت لە زەوی وەرگرتن و دامەزراندن سودمەندبێت، بۆیە ئەمە ڕەتدەکەینەوە و بەدواداچوونیشی بۆ دەکەین و لەسەری بێ دەنگ نابین.
دژوار فایق گوتیشی: ئێمە مانگانە وەکو لیژنەی خۆمان کۆبوونەوە دەکەین و لە ١٤/٢ دوا کۆبوونەوەمان ئەنجامدا و بەرەوپێشچوونیش ھەیە، بەڵام بە ھێواشی دەڕوات و ئێستا دەستمان کردووە بە سەرفکردنی چەکەکانی قەرەبووکردن، بەتایبەت لەو قۆناغانەی خەڵک ناوی ھەبوو مامەڵەی تەواو نەکردبوو، ئێستا تەواوی کردووە و چەکەکانیان بۆ سەرف دەکرێت، جگە لەوەش بڕیاری ٢٩ ھەیە، کاتی خۆی بڕیاری کاروباری شیمالی ڕەتکرایەوە لە ساڵی ٢٠١٢، ئێمە لە ساڵی ڕابردوو داوامان کردووە حکوومەت ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات و زەویەکان بگەڕێنەوە بۆ ئەوانەی بەو بڕیارە لێیان وەرگیراوە و داگیرکراوە، ئێستا لیژنەی بۆ دروستکراوە و کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.
فایق باسی لەوەش کرد: جگە لەوەش داوامان لە حکوومەتی عێراقی کردووە ڕاسپاردەی تازە بنێردرێت بۆ پەرلەمان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سەورە کە زەوی کورد داگیراوە، پێشتر داوامان کردووە و ئەمساڵیش دووبارەمان کردەوە.
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ لە عێراق باسی لەوەش کرد: لەدوای کۆبوونەوە داوامان کردووە نابێت بەھیچ شێوەیەک سوپا دەست لە کێشەی زەویوزار وەربدات و سەرۆکی لیژنە خۆی باسی لەوە کرد ھەر کێشەیەک ھەبوو من خۆم دێمە سەرخەت و نابێت سوپا دەست لەو کارە وەربدات، پێشتریش داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە بڕیارەکانی کاروباری شیمال پوچەڵن و نابێت گرێبەستی تازە بەپێی ئەو بڕیارە بۆ عەربەکان بکرێت.
دەشڵێت: لە مانگی ڕابردوو ڕاسپاردەمان بۆ حکوومەتی عێراق ناردووە بڕیار درابوو زەوی دابەش بکرێت، من خۆم داکۆکیم لەوە کرد پێویستە پارێزەر و ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئەوانەی لە سەندیکای کوردستان تۆمار کراون سوودمەندبن ، سەرەتا لای ئەوان قبوڵکراو نەبوو و دەیانگوت پێویستە ناسنامەی سەندیکای عێراقیان ھەبێت، لە کۆبوونەوەی ڕابردوو ڕەزامەندی درا ھەرکاتێک زەوی دابەش بکرێت بەپێی بڕیاری ٤١٩ پێویستە لەگەڵ حووکمەکانی ماددەی ١٤٠ ناکۆک نەبێت و ئەو پارێزەر و ڕۆژنامەنووسانەی کەرکووک کە مەرجەکانیان تێدایە و تەنیا ناسنامەی سەندیکاکانی عێراقیان نییە لە دابەشکردنی زەوی سودمەند بن، ھەر گرفتێکیشیان بۆ دروست کرا دەتوانن پەیوەندی بەمنەوە بکەن بۆ ئەوەی گرفتەکەیان بۆ چارەسەر بکەم.
ئەم بابەتە 11365 جار خوێندراوەتەوە