نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراق : مەلەفی ئەمنی ھەموو شارەکانی عێراق ڕادەستی پۆلیس دەکرێت
پەیامی کورد ... نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراق : مەلەفی ئەمنی ھەموو شارەکانی عێراق ڕادەستی پۆلیس دەکرێت
نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراق ئاشکرای کرد، بڕیار دراوە مەلەفی ئەمنی ھەموو شارەکانی عێراق ڕادەستی پۆلیس بکرێت و دەشڵێ، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو حکوومەت مەلەفی ئەمنی شنگالیش ڕادەستی پۆلیس دەکرێت.
لیوا عەبدۆلخالق تەڵعەت، نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە بەغدا ڕایگەیاند: بڕیارە مەلەفی ئەمنی ھەموو شارەکانی عێراق ڕادەستی پۆلیس بکرێت و لە زۆرێک لە ناوچەکانی عێراق پڕۆسەکە دەستی پێکردووە، لە نەینەواش مەلەفی ئەمنی ڕادەستی پۆلیسی نەینەوا دەکرێت و ئیدی مەلەفی ئەمنی لەدەست ھێزەکانی سەربازی نامێنێت.
لەبارەی شنگالەوە ئەو بەرپرسەی ھەرێمی کوردستان ووتی : ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو حکوومەت ھەرێم و فیدڕاڵ ھەیە بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال و ڕادەستکردنی مەلەفی ئەمنی بە پۆلیسی شارەکە، بەڵام تا ئێستا ڕێگری سیاسی ھەیە لەبەردەم جێبەجێکردنی خاڵەکانی نێو ڕێککەوتنی شنگال.
لیوا عەبدۆلخالق تەڵعەت ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "پێویستە ھێزەکانی نا یاسایی و نا شەرعی شنگال بەجێی بێڵن و ھاوشێوەی شارەکانی دیکەی عێراق مەلەفی ئەمنی ڕادەستی پۆلیس بکرێت و قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال دیاری بکرێت، گواستنەوەی مەلەفی ئەمنی لە سەربازییەوە بۆ پۆلیس بە ھەنگاوێکی ئەرێنی دەبینین.
ئەم بابەتە 27420 جار خوێندراوەتەوە