نۆژەنکردنەوەی قەیسەری ھەولێر گەیشتووەتە ٦٠%

پەیامی کورد   ...   نۆژەنکردنەوەی قەیسەری ھەولێر گەیشتووەتە ٦٠%

جێگری پارێزگاری ھەولێر ڕایگەیاند، پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەیسەری ھەولێر ھەنگاوی باشی بڕیووە و پێویستە لەماوەی سێ مانگ تەواو بکرێت، کە دوو کۆمپانیا بەردەوام کاری تێدا دەکەن.

جێگری پارێزگاری ھەولێر، مەسعوود کاڕەش،ڕایگەیاند : پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەیسەری ھەولێر بەردەوامە و دراوەتە دوو کۆمپانیا و کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ دەکەن، کە بەشێکی کاری باشی تێدا دەکرێت و ئەوەی دیکە ھەندێک خاوترە، چوونکە لەسەر شێوازی کۆنی خۆی نۆژەندەکرێتەوە و کەرپوچ و مەوادی تایبەتی دەوێت و ئێستا ڕێژەی نۆژەنکردنەوە گەیشتووەتە ٦٠%، بۆیە لەماوەی سێ مانگ نۆژەنکردنەوەی قەیسەری کۆن و نوێ تەواو دەبن و دەکەونە خزمەت ھاووڵاتیان بۆ ئەوەی دەست بەکار و کەساباتی خۆیان بکەنەوە کە لەماوەی ڕابردوو سوتێندرابوو.

جێگری پارێزگاری ھەولێر ووتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ نۆژەنکردنەوەی ھەردوو بەشی قەیسەری ھەولێر ٥ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دیناری خەرج کردبوو، پڕۆژەکەش دراوەتە دوو بەڵێندەر بۆ ئەوەی بەشێوەی خێرا نۆژەنکردنەوەی تەواو بکەن، چوونکە کار و کاسبی خەڵکی لەسەرە، بۆیە کارەکان زۆر باش بەڕێوەدەچن و بەردەوامیش کاری تێدا دەکرێت.

مەسعوود کاڕەش ڕوونیشیکردەوە: ھیچ گرفتێک لە خەرجکردنی پارە نیە و سولفەی بەڵێندەر سەرف دەکرێت و ئەوانیش بەڕێکوپێکی کاری خۆیان دەکەن، کە بە گشتی ٢٠٠ دووکان دەبێت ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە و نۆژەن دەکرێنەوە.

لەماوەی ڕابردوو قەیسەری ھەولێر سووتێندرا و دواتریش لەلایەن ھێزە ئەمنیەکان تۆمەتبارەکان دەستگیرکران و دانیان بە تاوانەکەش دانا، دواتر لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوودجەی بۆ تەرخان کرا و دەست بە نۆژەنکردنەوەی کرا، کە ٢٠٠ دووکانی خەڵکی ھەولێر زیانی بەرکەوتووە.


ئەم بابەتە 83048 جار خوێندراوەتەوە