نێچیرڤان بارزانى : ئاڵای کوردستان، ڕەنگدانەوەی به‌ها هاوبه‌شه‌كانمانه
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانى : ئاڵای کوردستان، ڕەنگدانەوەی به‌ها هاوبه‌شه‌كانمانه
سێشه‌ممه 2024/12/17 به‌بۆنه‌ى ڕۆژى ئاڵاى كوردستانه‌وه، له ڕێوڕه‌سمێكدا كه له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه چوو، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، جێگرى سه‌رۆك، ئاڵاى كوردستانیان هه‌ڵكرد. پاشان سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌م بۆنه‌یه‌وه ووته‌یه‌كى پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تى:
كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان،
پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان،
هێزه دڵسۆزه‌كانى ناوخۆ،
هاووڵاتییانى ئازیزى كوردستان..
ڕۆژتان باش،
ڕۆژى ئاڵای كوردستانتان لێ پیرۆز بێت.
ئەمڕۆ لەگەڵ جێگری سەرۆكی هەرێمى كوردستان، بەڕێز شێخ جەعفەر، خۆشحاڵین كە له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا بۆ یادى ڕۆژى ئاڵاى شه‌كاوه‌ى كوردستان به‌شدارین. ئه‌م یاده لاى كوردستانییان، بۆنەیەکی به‌رز و پیرۆزه. تیایدا ڕێز لە هێمایه‌كى زیندوو‌مان ده‌گرین کە ناسنامە و شکۆی نیشتمانمان بەرجەستە دەکات و وێڕاى جیاوازییه‌كان، هه‌موومان پێكه‌وه كۆده‌كاته‌وه و له‌پێناو ئامانجێكى پیرۆزدا، یه‌كمانده‌خات.
ئەم ئاڵایە، کە بە ڕەنگە گه‌ش و جوانه‌کانى و به خۆرى زێڕینی، پەیامی خەبات و ئاواتەکانی گه‌لى كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە هەڵدەگرێت، گوزارشت لە نیشتمان و شكۆدارى و پێكه‌وه‌یى و هاوچاره‌نووسیى ته‌واوى کوردستانییان دەکات.
كاتێك سه‌یرى ئاڵاكه‌مان ده‌كه‌ین، ڕه‌نج و قوربانیدان، شكۆمه‌ندى و شانازى، ئازادى و ئاشتى، نوێبوونه‌وه و ئاوه‌دانى، ئومێد و خه‌باتى هاوبه‌شى گه‌لى كوردستان به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه ده‌بینین.
ئاڵاى كوردستان به ده‌ستى دڵسۆزانییه‌وه، له‌به‌رده‌م هه‌موو سه‌ختى و به‌ربه‌سته‌كاندا خۆڕاگر بووه، بۆیه گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان به هیوا و متمانه‌وه، به‌ره‌و داهاتوویه‌كى گه‌شتر، هه‌نگاو ده‌نێت.
کوردستانییانى خۆشەویست،
ئەمساڵ لە دۆخێکی هەستیار و ناسکى ناوچه‌كه‌دا، یادی ئاڵاى كوردستان دەکەینەوە. کاریگەرى و لێكه‌وته‌كانى ئاڵۆزى و ڕووداوه‌كان لەسەر ئاشتی و سەقامگیری، بوونه‌ته مایه‌ى نیگه‌رانییه‌كى زۆر. بۆیه ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیى هه‌موو لایه‌كمانه كار بكه‌ین بۆ پاراستنى ئاشتی و سەقامگیری كه پێویستییەکی هەرە له‌پێشە بۆ ناوچه‌كه.
ئێمه له هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندین به كاركردنى به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له عێراق و لە ناوچه‌كه و له‌گه‌ڵ وڵاتانى جیهاندا، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى گرژییه‌كان. پێكه‌وه هاوكاری ده‌كه‌ین بۆ به‌هێزكردنى دیالۆگ و گه‌ڕان به‌دواى چاره‌سه‌رى ئاشتییانه‌دا كه مافى هه‌مووان بپارێزێت و داهاتوویه‌كى ئارام و جێگیر بۆ گه‌لانى ناوچه‌كه، مسۆگه‌ر بكات. ئه‌زموونى كوردستان له پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه، ده‌توانێت ببێته نموونه‌یه‌ك بۆ تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌كان و به‌دیهێنانى ئاشتى.
ئه‌مڕۆ كه ئاڵاى كوردستان به سه‌رمانه‌وه ده‌شه‌كێته‌وه، یه‌كبوونمان نیشان ده‌دات. ته‌بایى و پێكه‌وه‌ییى هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانى كوردستان، به‌تایبه‌تى له دۆخى ئێستاى ناوچه‌كه‌دا، هێز و کلیلی سەقامگیریی هه‌رێمى كوردستانه. بۆیه ده‌بێ هه‌موومان پێكه‌وه كار بكه‌ین و به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى گه‌له‌كه‌مان، لەسەرووی هەموو شتێكەوە بێت.
هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه پێداگرى له‌سه‌ر گرنگى و پێویستیى په‌له‌كردن له پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دەكەین به لێكگه‌یشتنى لایه‌نه سیاسییه‌كان كە دەبێت ئەو ئەركە بە زوویی جێبەجێ بكەن. له عێراقیش له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵ‌دا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ئامادەین به دیالۆگ و لێكگه‌یشتن، پێكه‌وه هه‌موومان هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی لەگەڵ یەكتر بكەین.
گەلی خۆشەویستی کوردستان،
ئاڵای کوردستان، ڕەنگدانەوەی به‌ها هاوبه‌شه‌كانى ئێمه‌یه كه دیدگا و سیاسەتەکانمان بۆ بنیاتنانى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى مه‌ده‌نیى یه‌كگرتووى به‌هێز، پێکدەهێنن.
بۆیه له‌م بۆنه پیرۆزه‌دا، هاووڵاتییانى ئازیزى كوردستان و پێكهاته‌كانى لە هەرێمی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه به‌رده‌وام ده‌بین له به‌هێزكردنى پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه، چونكه باوه‌ڕمان وایه دیالۆگ و ڕێزله‌یه‌كگرتنى پێكهاته‌كانى كۆمه‌ڵگا، بنه‌ماى سه‌قامگیریی وڵاتە.
هه‌روه‌ها پابه‌ندین به پاراستنى كولتوورى پێكه‌وه‌ژیان و فره‌ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى. ئه‌مه، سه‌رچاوه‌ى هێز و جوانى و مایه‌ى شانازیى گه‌لى كوردستانه. وه‌ك هه‌میشه پشتیوان ده‌بین بۆ پاراستنى ناسنامه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كان لە هەرێمی كوردستان.
كار ده‌كه‌ین بۆ چه‌سپاندنى ئازادییه‌كان و مافه‌كانى مرۆڤ و یه‌كسانى و دادپه‌روه‌رى كه بنه‌ماى سه‌ره‌كین بۆ بنیاتنانى هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى پێشكه‌وتوو. هه‌روه‌ها بۆ به‌هێزكردنى دامه‌زراوه‌كان و مسۆگه‌ریى به‌شداریى كاراى پێكهاته‌كان له هه‌موو كایه‌كانى ژیاندا.
كۆڵ ناده‌ین و به‌رده‌وام ده‌بین له هه‌وڵدانمان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به دیالۆگ، چونكه ئه‌وه ته‌نها ڕێگامانه بۆ نه‌هێشتنى ناكۆكییه‌كان و به‌هێزكردنى ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى، له‌گه‌ڵ به‌هێزكردنى هاوكاریى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى بۆ نیشاندانى كوردستان وه‌ك نموونه‌یه‌ك له ئاشتى و گه‌شه‌پێدان و پێكه‌وه‌ژیان و سەقامگیری.
هاووڵاتییانى ئازیزى كوردستان،
وێڕاى هه‌موو ئه‌و كێشه و ئاڵۆزییانه‌ى لە ناوچه‌كه‌دا هه‌ن، باوەڕمان وایە بە ئیرادەی یه‌كگرتوومان و به توانا‌مان لە تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان، دەتوانین ببینە بەشێک لە چارەسەر، نەک بەشێک لە کێشە. با پێکەوە کار بکەین بۆ پاراستنی ئاشتی و ببینە نموونه‌یەك لە بونیاتنانی سەقامگیری و هاوكاری هاوبەش.
با ئاڵای كوردستان بەرز ڕابگرین و پەیمان نوێ بکەینەوە کە درێژە بە ڕێگاکەمان دەدەین بەرەو داهاتوویەکی گەشاوە. داهاتوویه‌ك كە تیایدا هەرێمى كوردستان ببێتە هیوا لە ناوچەکه‌دا.
هه‌ر به‌رز و هه‌میشه شه‌كاوه بێت ئاڵای کوردستان.
سڵاو و دروود بۆ گیانى پیرۆزى شه‌هیدان. سه‌رى ڕێز و نه‌وازشیان بۆ داده‌نوێنین و یادیان هه‌میشه به خێر.
هیواى ڕۆژێكى خۆشیش بۆ هه‌مووتان ده‌خوازم و دیسانەوە ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی كوردستان لە هەموو كوردستانییان پیرۆز دەكەم. بەخێر بێن سەر چاو.
زۆر سوپاس..
ئەم بابەتە 93 جار خوێندراوەتەوە