نێچیرڤان بارزانى به‌شداری له‌ كردنه‌وه‌ى COP 29دا كرد

پەیامی کورد   ...   نێچیرڤان بارزانى به‌شداری له‌ كردنه‌وه‌ى COP 29دا كرد

پاش ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەسەر بانگھێشتی فەرمی ئیلھام ئەلیێڤ سەرۆکی ئازەربایجان گەیشتە باکووی پایتەختی ووڵاتەکە، سێشەممە ٢٠٢٤/١١/١٢، بەشداری لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کارەکانی کۆنگرەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی ئاو وھەوا (COP٢٩)دا کرد.

لە پەراوێزی چالاکییەکانی کۆنگرەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، چاوی بە ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرکردەی ووڵاتان کەوت کە لە کۆنگرەکەدا بەشدارن. کارەکانی COP٢٩ تا ٢٢ی ئەم مانگە بەردەوام دەبن و تیایدا ووڵاتانی بەشدار دەربارەی چۆنیەتی پاراستنی گۆی زەوی لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی ئاووھەوا و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی، دەکۆڵنەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئێوارەی ئەمشەو، نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی ووڵاتان، بەشداری لە ئێوارەخوانێکی سەرۆکی ئازەربایجان دا کرد کە بۆ میوانانی COP٢٩ ساز کرابوو.

ھەر لەمبارەیەوە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا لەسەر تۆڕی ئێکس، سوپاسی سەرۆکی ئازەربایجانی کرد بۆ بانگھێشتەکەی، ھەروەھا پیرۆزبایی لە حکوومەت و گەلی ئازەربایجان کرد بۆ میوانداریکردنی سەرکەوتووانە و ڕێکوپێکی کۆنگرەکە.


ئەم بابەتە 23 جار خوێندراوەتەوە