نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵیۆزى ئه‌مریكا كۆبووه‌وه‌

پەیامی کورد   ...   نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵیۆزى ئه‌مریكا كۆبووه‌وه‌

نیوه‌ڕۆى سێشه‌ممه‌ 2024/10/29  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی له‌  ئەلینا ڕۆمانۆوسكى، باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و ئه‌نجامه‌كانى تاوتوێ كران و ڕۆمانۆوسكى، پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى له‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و گه‌لى كوردستان كرد. له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرینگی لێكگه‌یشتنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانى حكوومه‌ت كرده‌وه‌.‌

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باسیان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ و هه‌وڵه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانیان كرد. هه‌ردوولا ستایشى به‌رده‌وامی گفتوگۆکانیان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به‌ لێكگه‌یشتن كرد و كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌ربوونى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، سه‌قامگیری ووڵات پته‌وتر ده‌كات.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تیشكیان خسته‌ سه‌ر دوا پێشهاته‌كانى دۆخى مه‌ترسیدارى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و جه‌ختیان له‌ گرینگی كاركردنى هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌ بۆ پاراستنى سه‌قامگیرى و ڕێگریكردن له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى زیاترى ئاڵۆزییه‌كان. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ عێراق له‌ ململانێ و كێشه‌كانى ناوچه‌كه‌، به‌دوور بێت.

په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، لایه‌نێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.


ئەم بابەتە 40 جار خوێندراوەتەوە