نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسى نوێی یوونامى كۆبووه‌وه‌

پەیامی کورد   ...   نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسى نوێی یوونامى كۆبووه‌وه‌

پێشنیوه‌ڕۆى سێشه‌ممه‌ 2024/10/15، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی له‌ د. محه‌مه‌د ئه‌لحه‌سسان، نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و به‌رپرسى نوێى تیمى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق (یوونامى) كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، پیرۆزبایی ده‌ست به‌كاربوونى له‌ ئه‌لحه‌سسان كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگیرییه‌كى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركى یوونامى، دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێزى، وێڕاى نیشاندانى خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانى بۆ هه‌رێمى كوردستان، سوپاسى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ هاوكارییان له‌گه‌ڵ تیمى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا له‌ عێراق.

هه‌ردوولا هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دۆخى پێكهاته‌كان، به‌تایبه‌تى یەزدییه‌كانیان خسته‌ به‌ر باس. له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سوپاسى هاوكاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانى بۆ كۆمیسیۆنى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد.

ده‌رباره‌ى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غداش، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ تاقه‌ چاره‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى ته‌واوه‌تی ده‌ستوور و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیری عێراقه‌‌، هه‌روه‌ها باشكردنى دۆخى یەزدییان و گێڕانه‌وه‌ى ئارامى بۆ ناوچه‌كانیان و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كانیان بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆیان، به‌ پێویست و گرینگ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.


ئەم بابەتە 18538 جار خوێندراوەتەوە