نێچیرڤان بارزانى له‌ ڤییه‌ننا : نه‌مسا خوازیاره‌ بره‌و به‌ په‌یوه‌ندی سیاسى و ئابوورى بدات

پەیامی کورد   ...   نێچیرڤان بارزانى له‌ ڤییه‌ننا : نه‌مسا خوازیاره‌ بره‌و به‌ په‌یوه‌ندی سیاسى و ئابوورى بدات

دواى كۆتاییهاتنى سه‌ردانه‌ یه‌ك ڕۆژییه‌كه‌ى بۆ نه‌مسا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ ئه‌لێکسه‌نده‌ر فان دێر بێلن سەرۆككۆماری نەمسا، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا تیشكی خستە سەر ئامانج و ئەنجامی سەردانەكەی بۆ نەمسا و چەند پرسێكی پەیوەست بە عێراق و هەرێمی كوردستانه‌وه‌.

سەرەتا سەرۆکی هەرێم ووتی: “سەبارەت بە سەردانمان بۆ نەمسا، هەروەك خۆتان ئاگادارن پەیوەندییەكی زۆر كۆنمان لەگەڵ نەمسا هەیە كە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی زۆر كۆن و كۆتا جار كە وەزیری دەرەوەی نەمسا سەردانی هەرێمی كوردستان و عێراقی كرد، داوەتێكی بۆ ئێمە نار بۆ ئەوەی سەردانی نەمسا بكەین، ئێمەش لەسەر ئەم داوەتە هاتووین. ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی زۆر باش و دوورودرێژمان هەبوو لەگەڵ وەزیری دەرەوە، ئێستاش لەگەڵ سەرۆككۆمار. لەم كۆبوونەوانەدا باسی چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی پەیوەندی نێوان عێراق بە شێوەیەكی گشتی و هەرێمی كوردستان كرا هەم لەگەڵ سەرۆككۆمار و هەم لەگەڵ وەزیری دەرەوە وا هەست دەكەین نەمسا خوازیاری ئەوه‌یه‌ ئەم پەیوەندییە هەم لەڕووی سیاسییەوە و هەم لەڕووی ئابوورییەوە، پەرەی پێ بدرێت. بێگومان ئەوان ئێستا باڵیۆزخانەی خۆیان لە بەغدا كردۆتەوە، داوامان كرد كە كونسووڵخانەش لە هەولێر بكرێتەوە. جەنابی باڵیۆزی خۆمان، باڵیۆزی عێراق بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەكات و ئەوەی كە بینیم تێگەیشتنێكی باشیان هەیە هەم بۆ پەیوەندی ئابووری و هەم بۆ پەرەسەندنی پەیوەندی سیاسی لەگەڵ عێراق و لەگەڵ هەرێمی كوردستان. سوپاسی پێشوازی ئه‌مڕۆى سەرۆككۆمارمان كرد و هیوادارین ئەم پەیوەندییە بەرەوپێشەوە بڕوات لە هەموو ڕوویەكەوە”.

دواتر لە ووڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر لە قۆناغی ئێستادا،سەرۆکی هەرێم ڕایگەیاند: “پێموایە ئێستا پەیوەندی هەرێمی كوردستان و بەغدا لە ئاستێكی باشدایە، ئەمە مانای ئەوە نییە بڵێم هەموو كێشەكانمان چارەسەر كردووە، بەڵام ئەو سەردانانەی بۆ بەغدا ئەنجاممان دا، من خۆم و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، هەروەها شاندی دیكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمانە هەمووی لەو چوارچێوەیەدایە كە بتوانین ئەو كێشانەی هەیە چارەسەر بكرێن. ئەوەی من دەبینم بەغداش هەر بەو شێوەیە هەڵسوكەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكات، بەغداش جددییە لەوەی هەوڵێكی جیددی بدات بۆ ئەوەی ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن. لەو باوەڕەدا نیم ئەم كێشانە لە شەو و ڕۆژێكدا هەمووی چارەسەر ببن، بەڵام هەنگاوەكانی ئێستای هەردوولامان بەرەو چارەسەری كێشەكانە. بێگومان وەك ڕۆڵی خۆمان لە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو كێشانەی هەیە چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە و لە ئەنجامدا ئێمە لەو جوگرافیایەدا دەژین، لە ئەنجامدا بەغدا پایتەخی ئێمەشە و دەبێت هەوڵی جیددی بدەین ئەو كێشانەی كە هەیە بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانی خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، چارەسەر بكرێن”.

دواتر سەبارەت ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی هۆكاری سووتاندنی بازاڕەكان له‌ شارەكانی هەولێر و كەركووك و دهۆك و دەستگیركردنی چەند كەسێك بەو هۆیەوە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ووتى: “خۆتان بینیتان ئەوانەی كە دەستگیر كران لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنێكی هاوبەشى بەغدا بوو لەگەڵ هەرێمی كوردستان، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان كە هەماهەنگییەكی تەواویان لەگەڵ بەغدا هەبوو لەسەر ئەم بابەتە. پرسەكە یەكلایەنە نەبووە، پرسەكە ئەوە نییە هەرێمی كوردستان یەكلایەنە ئەمانەی دەستگیر كردوون، ئەمە لە ئەنجامی كارێكی هاوبەشی نێوان دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا كراوە و ئەوەی كە باس كراوە، ئەوەی كە دیارە و ڕوونه‌ پەكەكە لە پشت ئەم مەسەلەیە بووە، هەم ئەمانەی كە لە هەولێر ڕوویداوە و هەم ئەوانەی لە كەركووكیش ڕوویداوە. ئەوەی پەیوەندی بە یەكیتی نیشتمانی كوردستانەوە هەبێت، هیچ بەڵگەیەك نییە كە یەكیتی نیشتمانی وەكوو حزب پاڵپشتی ئەم پرسەی كردبێت و لەو لێكۆڵینەوەیەی كە كراوە لە بەغدا و هەمووتان بینیتان لە تەلەڤزیۆنەكان پشاندرا، وەكوو ڕێكخستن ڕه‌نگه‌ چه‌ند كه‌سێك هەبن وەكوو كه‌س ئەندام بن یان پێشتر ئەندام بووبن، ئەمە پرسێكی دیكەیە، بەڵام وەكوو هێزێكی سیاسی، هیچ بەڵگەیەكی وا نییە كە هێزێكی سیاسی وەكوو یەكێتی لە پشت ئەم مەسەلەیەوە بێت


ئەم بابەتە 25339 جار خوێندراوەتەوە