نێچیرڤان بارزانى و شاندێكى قه‌ته‌رى تاوتوێى په‌یوه‌ندییه‌كان کرد

پەیامی کورد    ...   نێچیرڤان بارزانى و شاندێكى قه‌ته‌رى تاوتوێى په‌یوه‌ندییه‌كان کرد

پاشنیوه‌ڕۆى یه‌كشه‌ممه‌ 2024/5/26 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ئه‌حمه‌د بن حەسەن ئەلحمادی، ئەمینداری گشتی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ باڵیۆزی قەتەر لە عێراق و کونسووڵی گشتی قەتەر لە هەولێر ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى ده‌رفه‌ت و بواره‌كانى وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.

شاندى قه‌ته‌رى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ووڵاته‌كه‌ى متمانه‌ى به‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ و خوازیاره‌ له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانیدا زیاتر بره‌و به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى بدات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌مڕۆ به‌ فه‌رمى كونسووڵخانه‌ى گشتی قه‌ته‌ر له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئاماده‌یى نیشان دا كه‌ له‌ بواره‌كانى ووزه‌، گه‌شتیارى، كشت وكاڵ، خوێندن و په‌روه‌رده‌، ته‌ندرووستى و چه‌ندین بوارى دیكه‌دا وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارى بكه‌ن.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى پیرۆزبایى، خۆشحاڵی خۆى بۆ‌ كردنه‌وه‌ى كونسووڵخانه‌ى گشتی قه‌ته‌ر له‌ هه‌رێمى كوردستان نیشان دا، جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ زه‌مینه‌ى وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌، به‌تایبه‌تى له‌ پرۆژه‌كانى ژێرخاندا. به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى بۆ پشتگیرى و هاوكاری قه‌ته‌ر بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، زۆر هاوبه‌شییان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ردا هه‌یه‌.

دۆخى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.


ئەم بابەتە 44317 جار خوێندراوەتەوە