نێچیرڤان بارزانى و كونسووڵى گشتی ئاڵمانیا، په‌یوه‌ندییه‌كانیان تاوتوێ کرد

پەیامی کورد   ...   نێچیرڤان بارزانى و كونسووڵى گشتی ئاڵمانیا، په‌یوه‌ندییه‌كانیان تاوتوێ کرد

چوارشه‌ممە 2024/11/13 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی له‌ ئالبرێشت فۆن ڤیتكه،‌ كونسووڵى گشتی نوێى ئاڵمانیا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

له‌ دیدارێكدا كونسووڵى گشتی ئاڵمانیا، پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانى له‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و گه‌لى كوردستان كرد و سه‌رسامی خۆى به‌ ڕێژه‌ى به‌شدارى له‌ هه‌ڵبژاردندا نیشان دا. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستاندا، قۆناغى داهاتوو و هه‌وڵه‌كانى پێکهێنانی كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیان، تاوتوێ كرد.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ خواستى دوولایه‌نه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى ئاڵمانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و فراوانكردنى هاوكاری هاوبه‌ش، به‌تایبه‌تى له‌و بوارانه‌دا كه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان گرینگن، كرده‌وه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگیری ئاڵمانیا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ده‌ربڕى.

په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ناوچه‌كه و مه‌ترسی لێكه‌وته‌ی ئاڵۆزییه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.


ئەم بابەتە 29 جار خوێندراوەتەوە