نێچیرڤان بارزانى : پشتگیرى له‌ مافه‌كانى مه‌سیحییان و هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌كه‌ین

پەیامی کورد    ...   نێچیرڤان بارزانى : پشتگیرى له‌ مافه‌كانى مه‌سیحییان و هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌كه‌ین

ئێوارەی دووشەممە 27/5/2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداری لە (كۆنگره‌ى یاسای باری كەسى بۆ كرستییانان له‌ عێراق)دا كرد كە زانکۆی کاسۆلیکی له‌ هه‌ولێر ڕێكیخستبوو.

لە كۆنفرانسەكەدا كه‌ ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی هەرێمى كوردستان و ئەكادیمی و كەسایه‌تی ئایینى لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق ئامادەى بوون، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكى پێشكەش كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌یه‌كه‌تى:

ئامادەبووانی بەڕێز،

میوانانى خۆشەویست..

ئێواره‌تان باش..

زۆر خۆشحاڵم كه‌ هەمووتان لێرە لە هەولێر دەبینم و هه‌موومان پێكه‌وه‌ین بۆ گفتوگۆ لەسەر مافی پێکهاتەیەکی ڕه‌سه‌نى ئایینیی گەلەکەمان، کە مەسیحین. بێگومان به‌ بوونى هەموومان لێرە پێکەوە، دڵنیاییەکی زیاتر دەدەینە مەسیحییەکانی هەرێمی کوردستان و مەسیحییەكانی هەموو عێراق. هەموومان پشتیوانی لەم کۆنگرەیە دەکەین، چونکە به ‌مەبەستی دابینکردنی مافی ڕەوای مەسیحییانە، به‌ دیالۆگ و بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری لەسەر ئاستی هەموو عێراق.

دەستخۆشی لە به‌ڕێز مەتران بەشار وەردە و سەرۆکایەتیی زانکۆی کاسۆلیکی له‌ هەولێر و سەرپەرشتیاران دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئه‌م کۆنگرەیە لەسەر پرسێكى زۆر گرنگ و پێوست، كه‌ دانانی ڕه‌شنووسى یاسای باری کەسیی مەسیحییانه‌ لە عێراق. به‌ گه‌رمى بەخێرهاتنى ئەو میوانە به‌ڕێزه‌ مەسیحییانە ده‌كه‌م كه‌ لە لوبنان، سووریا و لە ئوردن تەشریفیان هێناوە. هیوادارم بە ئەزموونی خۆیان بەشدارییەکی بەسوودیان هەبێت لە گفتوگۆکانی ئەم کۆنگرەیەدا و چەند ڕۆژێکی خۆش لە کوردستان بەسەر ببەن.

ئامادەبووانی بەڕێز ..

ئێمە هه‌میشه‌ پشتیوانی لە داوا و مافی مەسیحییان و هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق دەکەین، چونکە ئەو پشتیوانییه‌ى ئێمە پەیوەستە بە مێژووی درێژی باوه‌ڕ و کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانە و یەکسان لە کوردستان.

هەروەها ئەو پشتیوانییەی ئێمە، پەیوەستە بە دەستووری عێراق کە خەڵکی عێراق دەنگی لەسەر داوە و پەسەندى کردووە. مادەی (41)ی دەستووری عێراق دەڵێ عێراقییەکان ئازادن له‌وه‌ى پابەند بن بە باری کەسیی خۆیانەوە بەپێی ئایین و مەزهەب و باوەڕ و هەڵبژاردەیان، ئەوەش لە دەستووری عێراقدا دەڵێ بە یاسا ڕێک دەخرێت.

تا ئێستا ئەو مادە دەستوورییە کاری پێنەکراوە. کارکردن بەو مادەیە و هه‌بوونى یاساى بارى كه‌سى بۆ ئایینه‌كان كه‌ تایبه‌ت بێت به‌ خۆیان، وا ده‌كات مەسیحی، ئێزدی، سابیئە، مەندائی و هەموو ئایینەکان لە عێراق، مافەکانیان پارێزراو بن. ئەم کۆنگرەیە هەنگاوێکی کردەییی زۆر گرنگە، چونکە ڕێگە دەکاتەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرێکی گونجاو بۆ داوا و مافی مەسیحییەكان، ئێمەش پشتگیری لەو داوا دەستوورییانەی ئه‌وان و هه‌موو پێكهاته‌كانی دیكه‌ى عێراق دەکەین.

ئامادەبووانی بەڕێز …

نه‌بوونى یاسایه‌كى تایبه‌تى بارى كه‌سیى بۆ‌ مه‌سیحییان، وا ده‌كات به‌پێى یاسایه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت كه‌ له‌گه‌ڵ ئایین و باوه‌ڕیاندا نایه‌ته‌وه‌! ئه‌وه‌ كارێی زۆر خراپە، کاریگەرییەکی زۆر خراپى هەیە بۆ سەر خێزانەکان و پێکهاتەی مەسیحی لە عێراق. ئێمە لە زۆر دۆسیە ئاگادار دەکرێینەوە کە زۆر مایەی نیگه‌رانى و دڵتەنگیمانن، چونکە ژیان و چارەنووسی زۆر منداڵ، کچ و ژن دەخەنە کێشە و ئاڵۆزییەوە، به‌تایبه‌تیش له‌ بابه‌ته‌كانى میرات و ته‌ڵاق و به‌زۆرسه‌پاندنى ئاییندا، كاتێك باوک یان دایکێکی مەسیحی ئایینی خۆی ده‌گۆڕێت!
بە بۆچوونی ئێمە ناکرێت ئایینی منداڵان بگۆڕدرێت، لە كاتێكدا هێشتا لە خوار (18) ساڵیدان و لەناو کەشوهەوای ئایینێکی دیکەدا دەژین. بۆیە ئێمە پشتیوانی لەو پێشنیارە دەکەین کە ئەگەر باوک و دایکێكی مەسیحی ئایینی خۆی گۆڕی، منداڵ و نه‌وجه‌وانانیان کاتێک بوونە (18) ساڵ، مافی ئه‌وه‌یان هه‌بێت بڕیار لە ئایینی خۆیان بده‌ن. بە هەمان شێوە سەبارەت بە میرات، دەبێ بەپێی یاسایه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى باوه‌ڕ و ئایینى مه‌سیحى بێت.

ئامادەبووانی بەڕێز …

له‌ هه‌موو بابه‌ته‌كانى بارى كه‌سیدا، ده‌بێ چاره‌سه‌رێك هه‌بێت بەپێی خواستی مەسیحییان و گونجاو بێت لەگەڵ بنەماكانی پێکەوەژیان و یەکسانی لە مافەکانیاندا بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق. ناکرێت بە ناوی یاسا و لە ڕێگەی یاساوە، کێشە و ئاڵۆزی لەناو پێکهاتەی مەسیحی دروست بکرێت. ئێمە له‌گه‌ڵ ئەو نادادى و نایەکسانییه‌دا نین. ئه‌وه‌ مافێكى ده‌ستوورییه‌ كه‌ مەسیحییەکان له‌سه‌ر بنه‌ماى ئایین و باوه‌ڕیان، ئازاد بن لە کاروباری کەسیی خۆیاندا.

بۆیه‌ داوا لە لایەنە بەشدارەکانی دانانی دەستووری عێراق و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق ده‌كه‌م، بە گرنگییەوە لەو پرس و کێشەیە بڕوانن و بە زوویی هەوڵی چارەسەرکردنی بدەن، بە ڕەچاوکردنی داوا و مافی مەسیحییان و ئایینەکانی دیكه‌.

داوا لە دادوەرانى به‌ڕێز دەکەم، بە چاوێکی زۆر مرۆڤدۆستانە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو دۆسییەدا بکەن، چونکە به‌هۆى ئه‌و كێشانه‌وه‌ زۆر خێزان هەڵوەشاون، پەیوەندیی نێوان زۆر دایکوباوک لەگەڵ منداڵ و کەسوکاریاندا بە تەواوی تێکچووە، هەروەها نەبوونی دڵنیایی و ئارامیی خێزانی، وایكردووه‌‌ زۆر کەس و خێزانی مەسیحی كۆچ بكه‌ن و عێراق بەجێبهێڵن.
داوا لە یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و هەموو زانایان و پیاوانی ئایینیی به‌ڕێز لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی دەکەم، هاوکار بن لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بەهۆی نادروستیی لێکدانەوە و جێبەجێکردنی یاساکان لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە، ڕووبەڕووی مەسیحییەكان دەبنەوە.

یەكێک لە بنەما دیارەکانی ئایینی ئیسلام ئەوەیە: بە زۆر ئایین بەسەر کەسانی دیکە نەسەپێنرێت. دڵنیام ئێوە هاوکارێکی زۆر باش دەبن، چونکە ئێوەی پیاوانی به‌ڕێزى ئایینی ئیسلام، هاوکار و پارێزەری بەهێزن بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق.

لێرەدا دەمەوێ سوپاسی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بکەم کە لە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراق لە هەرێمی کوردستان و له‌ پرسی میراتدا هاوکار بوون. هەروه‌ها بە ڕێزەوە خوالێخۆشبوو زانا و مامۆستاى مه‌زن د. مستەفا زەڵمی و هەموو ئەو کەسایەتی و بەرگریکارانەی مافی ئافرەتان به‌بیر ده‌هێنمه‌وه‌ کە ئەوکات لەو هەوڵ وپرۆسەیەدا بەشدار بوون.

بەڕێزان..
 

من خۆم پەروەردەی ناوچەیەکم کە پەرستگەی ئایینەکان بە تەنیشت یەکەوە بوون، باوەڕدارانی هەموو ئەو ئایینانەش بە خۆشەویستییەکی زۆرەوە پێکەوە دەژیان. تەنانەت چەند کەسێكی ئاشووریی مەسیحی لەگەڵ بارزانییەکان لە ساڵی ١٩٨٣ ئەنفال کراون. چەندین پێشمەرگەی مەسیحی بە قارەمانیه‌تیی خۆیان لە شۆڕشی کوردستاندا، ناوبانگیان بە هەموو لایه‌كى ئه‌م وڵاته‌دا بڵاوببووەوە.

ئێمە لە کوردستان، هەمیشە ژیان و چارەنووسمان پێکەوە بووە. کوردستان لەناو ئەو هەموو کۆمەڵکوژیانەی لە ناوچەکەدا کراون، هەمیشە وەک شوێنی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی ماوەتەوە. بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان، بزووتنەوەی پاراستنی هەموو نەتەوەکانی کوردستان بووە، نەک تەنیا کورد. لەبەرئەوە پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان، ئەرکی ئێمە و باوەڕێکی نەگۆڕی ئێمەیە لە هەرێمی کوردستان.

لە یەکەمین خولی پەرلەمانی کوردستان و لە یەکەمین کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، شوێنی مەسیحییەكان ڕەچاو کرا. ئێستاش هه‌موو هاووڵاتییه‌كى مه‌سیحی دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ کە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتییان لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقدا.
لە هەموو بوارەکاندا هەوڵی باشکردنی زیاتری بەشداری و هاوبەشیی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەدەین. ئێمە باوەڕمان بە پێکەوەژیانێکی ڕاستەقینە و یەکسانە. من بە تەواوەتی باوەڕم بەوەیە مافی یەکسان بۆ هه‌مووان، واتای ڕاستەقینه‌ى پێکەوەژیان ده‌به‌خشێت.

لێرەدا جارێکی دیكه‌ دووپاتی دەکەینەوە، بە سوودوەرگرتن لە ڕابردوو، عێراقی نوێ تەنیا یەک ڕێگه‌ى بۆ سەرکەوتن و پێشکەوتن هەیە، ئەویش پێکەوەژیان و هاوبەشیی هەموو پێکهاتەکانە لە بەڕێوەبردنی ووڵاتدا. پشتگوێخستن و ستەمکردن لە هەر پێکهاتەیەک، دۆخ و چاره‌نووسى ووڵات تێكده‌دات، نابێ هیچ پێکهاتەیەکیش لە عێراق بە بچووک یان بە كەم سەیر بکرێت.

لێرەوە دووبارە هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەتان دەخوازم، دڵنیا بن هه‌موو پشتگیرییه‌كى ئێمه‌تان‌ هه‌یه و كوردستان هه‌میشه‌ بۆ هه‌موو ئایین و نه‌ته‌وه‌كان به‌ ووڵاتى فره‌یى و پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردنى ئاشتیانه‌ و لێبورده‌یى ده‌مێنێته‌وه‌‌.

زۆر سوپاستان ده‌كه‌م و بەخێر بێن..


ئەم بابەتە 43855 جار خوێندراوەتەوە