نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له كونسووڵى گشتی نوێى ئه‌مریكا كرد

پەیامی کورد    ...   نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له كونسووڵى گشتی نوێى ئه‌مریكا كرد

نیوه‌ڕۆى چوارشه‌ممه‌ 2024/8/14 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ستێڤ بیتنه‌ر كونسووڵى گشتی نوێى ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمى كوردستان، وێڕاى به‌خێرهێنان، پیرۆزباییو ده‌ستبه‌كاربوونى لێكرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ هاوكاری هاوبه‌ش و په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا دووپات كرده‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ مارك سترۆ كونسووڵى گشتی پێشووى ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده ‌بوو، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاسى كونسووڵى پێشووى كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، ئه‌ویش لاى خۆیه‌وه سوپاسى هاوكارى و پشتگیری لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى ده‌ربڕى.

له‌ دیداره‌كه‌دا كونسووڵى گشتی نوێى ئه‌مریكا به‌رده‌وامی پشتگیرى و هاوبه‌شى و هاوپه‌یمانی ووڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا دووپات كردەوە، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرینگی هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان كرده‌وه‌ و هیوایان خواست پرۆسه‌ى ده‌نگدان سه‌ركه‌وتووانه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت.

په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ناوخۆى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.


ئەم بابەتە 11490 جار خوێندراوەتەوە