نێچیرڤان بارزانى : پێویستە گرینگییه‌كى زیاتر به هونه‌ر و كولتوور بده‌ین
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانى : پێویستە گرینگییه‌كى زیاتر به هونه‌ر و كولتوور بده‌ین
ئێوارەی دووشەممە 27/5/2024، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداری لە ڕێوڕەسمی ناساندنی (ناوەندی كوردستان بۆ هونەر و كولتوور) كرد كە لە هەولێر بەڕێوە چوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكى پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
ئێواره‌تان باش..
خۆشحاڵم ئه‌م ئێواره‌یه له بۆنه‌یه‌كى جیا پێكهوە دوور له سیاسه‌ت باس له هونه‌ر و كولتوور و دنیای زمان و ڕۆشنبیری ده‌كه‌ین. زۆر سوپاسى ئه‌و گه‌نجه ئازیزانه ده‌كه‌م كه بۆ ڕێوڕه‌سمى ناساندنى (ناوه‌ندى كوردستان بۆ هونه‌ر و كولتوور) بانگهێشتیان كردم.
له‌ناو ئه‌و هه‌موو هه‌را و ڕووداوه سیاسییەكان كه به‌رده‌وام ده‌وره‌یان داوین، هه‌موو بۆنه‌یه‌كى ئاوا، ده‌رفه‌تێكه بۆ ئه‌وه‌ى له‌بیرمان نهچێتەوە: ژیان ته‌نیا سیاسه‌ت نییه و هونه‌ر و كولتوور لایه‌نێكى گرینگ و جوان و مانادارى ژیانن. به‌تایبه‌تى بۆ گه‌لى كوردستان، زۆر گرینگه پارێزگارى له كولتوور و هونه‌ر و زمان و وێژه و كه‌له‌پوور و مێژووى خۆى بكات، كه ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانی پێك ده‌هێنن.
له دڵمەوە و زۆر به گه‌رمى ده‌ستخۆشى و پیرۆزبایى له‌و به‌ڕێزانه ده‌كه‌م كه بیرۆكه‌ى دامه‌زراندنى ئه‌م ناوه‌نده‌یان هێناوەتە ئاراوه، به‌رده‌وام كاریان كرد و كۆڵیان نه‌دا تا گەیشتە ئەم ڕۆژە و ناوه‌نده‌كه‌یان خسته سه‌ر پێ. به ڕێز و پێزانینه‌وه له‌م ڕه‌نج و ئه‌ركه‌یان ده‌ڕوانم و هه‌موو هاوكارى و پشتگیرییه‌ك بۆ سه‌رخستنى كار و په‌یام و ئامانجی پرۆژه‌كه‌یان، لێرەوە دووپات ده‌كه‌مه‌وه.
به‌ڕێزان..
كورد و كوردستانییان، خاوه‌ن مێژوو و كولتوورێكى زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند و فره‌ڕه‌نگن. سه‌ركوتكارى، چه‌وساندنه‌وه، قه‌ده‌غه‌كردن، نكۆڵى، زه‌بروزه‌نگ و چه‌ك، هه‌رچى به درێژایی مێژوو به شێوه‌یه‌كى ڕێكخراو، وه‌ك پلان و سیاسه‌تێكى سڕینه‌وه به‌رامبه‌ر به كورد و كوردستان و كولتوورى ئه‌م گه‌ل و ئەم وڵاته كراوه، نه‌یتوانیوه كولتوورى جوان و ده‌وڵه‌مه‌ندی ئەم ووڵاتە له‌ناو ببات.
نهێنیی مانه‌وه‌ى كورد و گه‌لى كوردستان وێڕاى ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و نه‌هامه‌تییه له مێژوودا كە بەسەرمان هاتوون، خواست و ئیراده و خۆشه‌ویستى بووه بۆ پاراستنى زمان و كولتوور و هونه‌ر و وێژه‌ى خۆى. كورد و گه‌لى كوردستان له‌م پێناوه‌دا نموونه‌یه‌كى بێوێنه‌یان نیشان داوه.
لێرەدا، قسەیەکی شاعیری گەورە (حاجی قادری کۆیی) دێنمەوە بیرمان کە زۆر بە کورتی و بە چەند وشەیەک ئەم بابەتە گرنگەی باس کردووە:
حاجی قادر دەڵێ:
کتێب و دەفتەر و تاریخ و کاغەز
بە کوردی گەر بنووسرایە زمانی
مەلا و پیر و شێخ و پادشامان
هەتا مەحشەر دەما ناو و نیشانی
ئێمە ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، بۆمان دەردەکەوێ تەنیا لە هەل و ده‌رفه‌تى هەبوونی ئازادی‌دا، گەلی کوردستان توانیویه‌تى خاوەنی زمانی نووسین بێت، بۆ نموونە مەلای جزیری و ئەحمەدی خانیمان نەدەبوو ئەگەر میرنشینی بۆتان نەبوایە، نالی و سالم نەدەبوون ئەگەر بابان نەبوایە، هەروەها چەندان نموونەی دیكه.
لە ماوەی حوکمداری شێخ مەحموودی نەمردا، ڕۆژنامەگەری و نووسینی کوردی کەوتنە گەشە، لە کۆماری کوردستان ماوەی تەنیا یەک ساڵ، شۆڕشێک بۆ زمان و ڕۆشنبیریی کوردی بەرپا بوو، دوای ڕێککەوتنی ئاداری ساڵی ١٩٧٠، هەروەها دوای دامەزرانی حکوومەتی هەرێمى كوردستان لە ساڵی ١٩٩٢، هەموو دەروازەیەک بۆ زمان و هونەر و ڕۆشنبیریی کوردی کەوتنە سەرپشت.
جێگەی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بە شێخ عەبدولسەلامی بارزان بکەین کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە و لە یاداشتێكدا بۆ کاربەدەستانی عوسمانی، داوای بەکارهێنانی زمانی کوردی کردووە. ئێمە ئەم هەموو نموونەیەمان بۆ ئەوە هێنایەوە تا بڵێین زمان و ئەدەب و ڕۆشنبیری و هونەر و په‌رتووك و فیلم و شانۆ، بریتی بوون لە بڕبڕەی پشتی ماف و داخوازی و داواکاری و نەخشە و پلانی بەردەستی ئێمە، دڵنیاتان دەکەینەوە کە ئێمە لەم بوارانەدا ئەرکی سەرشانی خۆمان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین.
بەڕێزان
ڕاسته سه‌رده‌مێكى دوورودرێژ به‌هۆى بارودۆخى دژوار و نه‌بوونى تواناى تۆمار و ئهرشیفكردنهوه، سامان و گه‌نجینه‌ى ده‌وڵه‌مه‌ندى هونه‌رى و كولتووریمان له‌ده‌ست داوه، له هه‌زاران به‌رهه‌مى موزیكه‌وه، تا سه‌دان ئه‌فسانه و ده‌قى ئه‌ده‌بى و ده‌ستنووسى به‌نرخى زانایان و نووسه‌ران و تابلۆ و نیگارى هونه‌رى، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه هێشتا خاوه‌نى یه‌كێك له ده‌وڵه‌مه‌نترین هونه‌ر و كولتوورى مرۆڤایه‌تین.
به‌ڵێ، دۆخى سیاسى هه‌میشه كارى له‌پێشینه‌ى دیكه‌ى دروست كردووه، كه‌چى وێڕاى ئه‌وه‌ش ماوه‌ى زیاتر له سى ساڵى دواى ڕاپه‌رین له هه‌رێمى كوردستان، هێنده‌ى له توانادا بووه خزمه‌ت به بوارى كولتوور كراوه. به‌ڵام به دڵنیایییه‌وه هێشتا زۆر ماوه كە بكرێت و ده‌بێ بایه‌خ و گرنگیى زۆر زیاتر به هه‌موو لایه‌نه‌كانى ئه‌و بواره بدرێت و له هه‌موو ئاسته‌كاندا پێش بخرێت.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له هه‌رێمى كوردستان پێداچوونه‌وه‌یه‌كى جددى به سیاسه‌تى كولتووریدا زۆر پێویسته. هه‌روه‌ها لایه‌نه فه‌رمییه‌كان و هه‌موو ئه‌وانه‌ى له بوارى كولتووردا كار ده‌كه‌ن، هه‌ر له كه‌سانه‌وه بگره تا ده‌گاته ده‌زگا و دامهزارهوهكانى تایبه‌ت به بوارى هونه‌ر و كولتوور، زۆر گرنگه به‌رده‌وام پێكه‌وه هاریكارى و هاوبه‌شى بكه‌ن. هونه‌ر و كولتوورى ده‌وڵه‌مه‌ندمان، ده‌توانێ سیماى جوانترى كوردستان، بە جیهان پیشان بدات.
ده‌ستپێشخه‌رى و بوونى ده‌زگا و دامهزراوهیەكی وه‌ك ئه‌م ناوه‌نده بۆ گرنگیدان به هونه‌ر و كولتوور، ده‌توانێ خزمه‌تێكى گه‌وره بكه‌ن و سامانێكى كولتووریى زۆر به‌نرخى كوردستان بپارێزن. ئه‌رشیفكردن و بهدیجیتاڵكردنى ده‌ستنووس و به‌ڵگه و په‌رتووكى كۆن و ده‌گمه‌ن كه له په‌رتووكخانه تایبهتییەكان و لە كونجى ماڵەكاندا كه‌وتوون، كارێكى تا بڵێى پێویست و گرنگه و ناهێڵێت بفه‌وتێن و له‌ناو بچن.
ته‌كنه‌لۆژیا و زیره‌كی ده‌ستكرد، ئێستا ده‌رفه‌ت و تواناى زۆرى ڕه‌خساندووه و ده‌توانێت له باشترین پرۆسه‌ى تۆمار و هه‌ڵگرتن و بهئهرشیفكردنى میراتى كولتووریماندا، زۆر هاوكار و یارمه‌تیده‌ر بێت و ئاسانكارییه‌كى باش بكات. ئه‌وه‌ى تا ئێستا له‌م بواره‌دا ئه‌م ناوه‌نده له ناوچه جیاجیاكانى كوردستاندا كردوویه‌تى، به ڕاستى سه‌ره‌تایه‌كى زۆر باشى كارهكانیانە و مایه‌ى ده‌ستخۆشى و پێزانینه، ده‌بێ بە هەموو شێوەیەك پشتگیری‌یان بكرێت.
پێشتریش دەبێ ئەوە بڵێین مامۆستاى به‌ڕێز مه‌زهه‌رى خالقى و تیمه‌كه‌ى له ئەنێستیتووتى كهلهپوورى كوردى، كارێكى خه‌مخۆرانه‌ى زۆر گه‌وره و بههاداریان ئه‌نجام داوه. ساڵانێكه به‌رده‌وامن و گه‌نجینه‌یه‌كى ده‌وڵه‌مه‌ندیان له موزیك و به‌رهه‌مى هونه‌ری كوردى به ئاست و كواڵیتییەكی به‌رز و به ڕێكخراوى پاراستوویانە كە لێرەوە لەگەڵ ڕێزمدا دەستخۆشی لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم. هیوادارم جەنابیان بەردەوام و سەركەوتوو بێت.
هه‌ر له‌م بواره‌دا، وه‌رگێڕانى به‌رهه‌مه كوردییه‌كانیش بۆ زمانه‌كانى دیكه، كارێكى گرنگ و پێویسته. بۆ ئه‌مه‌ش دیسان تهكنهۆلۆژیا هاوكارێكى باشه و وا ده‌كات به ئاسانى بگاته هه‌موو شوێنێك. وه‌ك بیستم، لێره به شاكارى مامۆستا هه‌ژارى موكریانى (چێشتى مجێو‌ر) ده‌ستیان پێكردووه و كردوویانه‌ته ئینگلیزى. كارێكى زۆر باشه و دیسانەوە ده‌ستخۆشیتان لێ ده‌كه‌م.
لێرەوە دووباره پیرۆزباییى ده‌ستبه‌كاربوونى ئه‌م ناوه‌نده له هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م، لە هەموو ئەو گەنجانە دەكەم كە خەمخۆری كولتوور و پاراستنی زمان و ئەدەبیاتی كوردین. سوپاسی هەموویان دەكەم چ ئەوانەی لە ناوخۆن و چ ئەوانەی لە دەرەوە هاتوون و یارمەتییان داون له كوردستان و لە ده‌ره‌وه، ئێمە دەبێت بتوانین خزمه‌تێكى باشترى ئه‌م بواره بكەین و ببێتە پردێك له‌گه‌ڵ هاوتاكانیان له جیهان، ئێمه‌ش هاوكار و پشتیوان ده‌بین.
دیسانەوە دەستخۆشیتان لێ دەكەم و ڕۆژێكی خۆش بۆ هەموو لایەك..
ئەم بابەتە 43867 جار خوێندراوەتەوە