نێچیرڤان بارزانی بەشداری لە ڕێوڕەسمی دامەزراندنی زانکۆی ئەمریکی کوردستاندا کرد

پەیامی کورد   ...   نێچیرڤان بارزانی بەشداری لە ڕێوڕەسمی دامەزراندنی زانکۆی ئەمریکی کوردستاندا کرد

یەکشەممە ١-١٢-٢٠٢٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە ھەولێر، بەشداری لە ڕێوڕەسمی دەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی ئەمریکی کوردستان کرد.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە بەڕێزان مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی، باڵیۆز و کونسووڵ و نوێنەرانی ووڵاتانی بیانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و ئەکادیمیست ئامادەی بوون، نێچیرڤان بارزانی ووتەیەکی پێشکەش کرد، ئەمە دەقەکەیەتی:

ئامادەبووانی بەڕێز،

ئێوارەتان باش،

دەمەوێ بەخێرھاتنی ھەموو میوانە بەڕێزەکان بکەم، باڵیۆزەکان، کونسووڵانی ووڵاتان لە ھەولێر، ھەموو ئەو بەڕێزانەی کە لەم شەوەدا لەگەڵماندا بەشدارن، بەخێرھاتنێکی گەرمیان دەکەم، بەخێرھاتنی ھەموو میوانانی ئازیز دەکەم، بە خێر بێن سەر چاو.

بەخێرھاتنێکی تایبەتیی قەداسەتی مار ئاوا دەکەم کە ئەویش ئەمشەو لەو ڕێوڕەسمەدا لەگەڵماندا بەشدارە، زۆر بە خێر بێی.

خۆشحاڵم کە ئەم ئێوارەیە لە ڕێورەسمی دەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان بەشدارم. بە گەرمی پیرۆزبایی و دەستخۆشی لەم دامەزراوە ئەکادیمییە پێشکەوتووە دەکەم کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، بیرۆکەیەکی تازەی بۆ گۆڕینی سیستەمی خوێندن و فێرکردن لە ھەرێمی کوردستان و بەرەو باشتربردنی، بەرجەستە کردووە.

پەروەردە و فێرکردن تەنھا ئامرازێک نییە بۆ پەرەپێدانی تاکەکان، بەڵکو ھێزێکە کە دەتوانێت کۆمەڵگەکان بنیات بنێت و داھاتوویەکی گەشاوە بۆ وڵاتان و میللەتان دروست بکات. ساڵی ٢٠١٣، کە برای بەڕێزم کاک مەسروور بارزانی بیرۆکەی دامەزراندنی زانکۆکەی لەگەڵ من باس کرد کە ئەو کات سەرۆکی حکوومەت بووم، بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە پێشوازیم لە بیرۆکەی جەنابی کرد. ئەمە بە تەواوی لەگەڵ ئەو بڕوایەمدا کۆک بوو کە گرنگە دامەزراوەی فێرکردن و خوێندنی زانکۆیی لە ئاستی جیھانیدا، بنیات بنێین.

زۆر سوپاسی ھەوڵە بەردەوامەکان و ڕوانگەی بەڕێزیان دەکەم، سوپاسی ئەنجوومەنی ئەمینداران، سەرۆکایەتیی زانکۆ و ئەندامانی دەستەی وانەبێژ دەکەم کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو، بە دڵسۆزی و دیدێکی ژیرانە، ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و کێشەکان بوونەتەوە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی کاروانی زانکۆ، بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانی.

ئامانجی دامەزراندنی زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان، لە سەرەتاوە ڕوون بوو:

بریتیی بوو لە بنیاتنانی دامەزراوەیەک کە ببێتە نموونەیەکی باڵای ئەکادیمی و چرایەک بۆ زانست و بۆ داھێنان. ببێتە ئیلھامبەخش بۆ نەوەکانی داھاتوو. بەشدار بێت لە ئامادەکردنی ئەو نەوەیەدا کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ھەبێت. نەوەیەک بتوانێت ئامرازەکانی سەرکەوتن لە جیھانێکدا دەستەبەر بکات کە زۆر خێرا دەگۆڕێت و ئەوەمان لێ دەخوازێت بەردەوام خۆمان لەگەڵ پێشکەوتنەکانیدا نوێ بکەینەوە؛ تا بەرەو پێشەوە بڕۆین، بۆ ئەوەی لە کاروانی پێشکەوتنی گەلان دانەبڕێین.

بەڕێزان،

لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان دەستکەوتی بەرچاوی بەدەست ھێناوە کە وایکردووە ببێتە نموونەیەکی دیار بۆ کوالێتیی خوێندن لە کوردستان و عێراق. لەوانە:

• یەکەم دامەزراوەی خوێندنی باڵایە لە عێراق کە سەرکەوتووانە چەندین قۆناغی گرنگی پرۆسەی بەدەستھێنانی متمانەی ئەکادیمیی نێودەوڵەتی تێدەپەڕێنێت. ئەمەش پابەندیی بەردەوامی زانکۆ بە پێشکەشکردنی خوێندن بە کوالێتییەکی بەرز، نیشان دەدات. ھەروەھا ئەوە دەسەلمێنێت کە سەربەخۆییی زانکۆ زۆر گرنگە،‌ بۆ ئەوەی بتوانن تایبەت و جیاواز بن و جێی متمانەی ئەکادیمیی نێودەوڵەتی بن.

• ئەوەی کاک مەسروور لە قسەکانی خۆیدا باسی کرد کە ٧٠٪ی قوتابیانی زانکۆ، بە جۆرێک لە جۆرەکان بەخشینیان بۆ کراوە، (سکوولەرشیپ)، مایەی ڕێز و دەستخۆشییە. سوپاس و پێزانین بۆ ھەموو ئەو خێرخوازانە و ھەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە ھاوکار بوون و ھاوکاریی زانکۆیان کردووە و دەیکەن، بێگومان چاومان لەوەیە کە زیاتریش بیکەن. پشتگیریی ئەو بەڕێزانە، وای کردووە دەرفەت بۆ قوتابیانی پێکھاتە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بڕەخسێت تاوەکوو بتوانن لەو زانکۆ پێشکەوتووە درێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن. دووبارە سوپاستان دەکەم، ھیوادارم بەردەوام بن و خەڵکی دیکەش ئەم دەستپێشخەرییە بکەن.

دەستکەوتێکی دیکەی زانکۆ، دامەزراندنی تیمی کاری پەروەردەیە لە ساڵی ٢٠١٩، کە بووەتە پلاتفۆرمێکی کاریگەر بۆ پێدانی پێشنیار بۆ پەرەپێدانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان. بە تەواوی لەگەڵ بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم تیمەدا بووم و ھەموو پشتگیرییەکم پێشکەش کردن.

ئامادەبووانی خۆشەویست،

لە ڕێگەی پەروەردە و فێرکردنەوە، دەتوانین کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو، ئابوورییەکی بەھێز و داھاتوویەکی ڕۆشن بنیات بنێین کە شایستەی قوربانیدانی ئەم گەلە خۆڕاگرە بێت. چیرۆکی سەرکەوتنی زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان، تەنھا دەستکەوتێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پەیامی ھیوایە بۆ ھەموو گەنجان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق.

بۆیە سەرەڕای ئەم دەستکەوتانە، کار و ھەوڵی ئێمە لە ھەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن ھێشتا کۆتایی نەھاتووە. زۆر شت ھەیە کە دەبێت بەدەست بھێنرێت بۆ دڵنیابوون لە داھاتوویەکی گەشاوەتر بۆ گەنجانمان. گرنگترینیان:

• پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن بۆ ئەوەی لەگەڵ پێداویستییەکانی سەدەی بیست و یەک بگونجێن و قوتابیان ئامادە بکەن بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ بازاڕی کاری ناوخۆ و بازاڕی جیھانی.

• بەھێزکردنی ژێرخانی ئەکادیمی، بۆ دڵنیابوون لە کوالێتیی بەرزی پەروەردە و فێربوون لە ھەموو دامەزراوەکانی پەروەردە و فێرکردن لە ھەرێمی کوردستان.

• وەبەرھێنان لە کادیری وانەبێژ لە ڕێگەی دابینکردنی بەرنامەی ڕاھێنانی بەردەوام بۆ پەرەپێدانی لێھاتوویی و بەھێزکردنی کارامەیییان.

• ھەروەھا بەھێزبوونی زانکۆکانمان بە شێوەیەک لە ووڵاتانی ناوچەکە و لە جیھانەوە، قوتابیان بێن و ڕوویان تێ بکەن.

سوپاس و پێزانین بۆ ھەموو ئەوانەی کە بەشدارییان لە دامەزراندن و پشتگیری ئەم زانکۆیە پێشکەوتووەدا کردووە. سوپاس و پێزانین بۆ ھەموو ئەوانەی کار دەکەن بۆ باشترکردنی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن لە ھەرێمی کوردستان.

ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە کۆڵ نادەین و پێکەوە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ بەدەستھێنانی سەرکەوتنی زیاتر و کردنی کوردستان بە ناوەندێکی ھەرێمی بۆ پێشکەوتنی ئەکادیمی و داھێنان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان. کوردستانێک کە گەنجەکانی بتوانن داھاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانمان بونیات بنێن.

گەلی کوردستان، دایکوباوک و باپیرانی ئەو قوتابیانەی ئەمڕۆ لە زانکۆ باشەکانی وەک زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان دەخوێنن، چەندین دەیە، ئازار و مەینەتیی زۆریان چەشتووە، گیانی خۆیان بەخت کردووە، بۆ ئەوەی ئەم ئازادییەی ئەمڕۆمان بۆ بێتەدی. ئەوان وەک نەوەی ئەمڕۆ، دەرفەتی خوێندنیان نەبوو، بەڵام خەباتیان کرد بۆ ئەوەی نەوەی داھاتوویان بتوانن ئەمڕۆ لە قوتابخانە و زانکۆیەکی وەکو زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان بخوێنن.

ئەم ئازادییە، بەرھەمی ڕەنج و قوربانیدانی ئەوانە. ئەرکی ئێمە ھەموومانە، داھاتوویەک بنیات بنێین کە شایستەی خەباتی ئەوان و خەونەکانیان بێت. دەبێ نەوەی ئەمڕۆ ئەم دەرفەتە بەکار بھێنێ، بۆ ڕێزگرتن لە یادی ئەوان و بونیاتنانی کوردستانێکی بەھێز و پێشکەوتوو. بۆیە ھەمیشە بە ڕێز و بە شکۆوە یادیان دەکەینەوە، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکیان دادەنوێنین.

پیرۆز بێت دەیەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی زانکۆی ئەمەریکیی کوردستان، پیرۆزبایی لە ھەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە لەم کاروانەدا بەشدار بوون و کاریان کردووە. قسەکانم تەواو نابێت ئەگەر پیرۆزباییەکی تایبەتیش لە ڕانیا خان و ھەوڵەکانی نەکەم کە بەردەوامن بۆ پشتگیریی زانکۆ.

ھەموو لایەکیشتان بە خێر بێن سەرچاو

ئێوارەیەکی خۆش.

زۆر سوپاس..


ئەم بابەتە 90 جار خوێندراوەتەوە