نێچیرڤان بارزانی جەخت لە سەرخستنی ھەڵبژاردن دەکاتەوە

پەیامی کورد   ...   نێچیرڤان بارزانی جەخت لە سەرخستنی ھەڵبژاردن دەکاتەوە

لە ‌بەردەوامی دیدار و چالاکییەکانیدا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٤/٩/٢٢ نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسان و کادیرانی پارتی لە سنووری پارێزگای ھەولێر کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئامادەی بوون،سەرۆکی هەرێم باسی لە گرینگی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بۆ ھەرێمی کوردستان کرد و تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی پارتی بۆ ھەڵبژاردن. لەمبارەیەوە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدرێت و لە ھەموو ئاستەکاندا کار بکرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی دەنگدان بە ڕێک وپێکی بەڕێوە بچێت و ھەڵبژاردن سەربکەوێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە پێویستە بانگەشەی ھەڵبژاردن بە شێوەیەکی شارستانی ئەنجام بدرێت و بەرپرس و کادیران و جەماوەری پارتی لە ھەموو ڕوویەکەوە پابەندی یاساکان و ڕێنمایی کۆمیسیۆن و لایەنە پەیوەندیدارەکان بن. 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە بەرپرسان و کادیران، چەندین سەرنج و تێبینی و پێشنیاریان دەربارەی ئەرک و کارەکان، بۆ سەرخستنی ھەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگدان و بانگەشەی ھەڵبژاردن خستەڕوو.


ئەم بابەتە 53834 جار خوێندراوەتەوە