نێچیرڤان بارزانی ستایشی ڕۆڵی مه‌حموود مه‌شهه‌دانى کرد

پەیامی کورد   ...   نێچیرڤان بارزانی ستایشی ڕۆڵی مه‌حموود مه‌شهه‌دانى کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە 2025/2/26 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌ هه‌ولێر لەگەڵ مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ، کۆبووەوە.

لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و پەیوەندییەکانی حکوومەتی فیدراڵ و حكوومه‌تى هەرێمی کوردستان و گرینگی تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاسای بوودجەی گشتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی پرسە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، هه‌روه‌ها یاساكانى په‌یوه‌ست به‌ گێڕانه‌وه‌ى زه‌ویوزارى ئه‌و خه‌ڵكانه‌یان تاوتوێ كرد كه‌ له‌ سه‌رده‌مى ڕژێمى پێشوودا ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا بوو.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ستایشی ڕۆڵی مه‌شهه‌دانی کرد لە کارکردن بۆ تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاساكه‌ كه‌ کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە چارەسەرکردنی پرسە داراییەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و مسۆگه‌ركردنى مافی هەموو عێراقییەکان، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامی هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە، بە جۆرێک کە سەقامگیری دارایی و ئابووری ووڵات دەستەبەر بکات.

نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها ستایشی پێگەی مەحموود مەشهەدانی کرد وەک یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانی عێراق کە قۆناغە جیاوازە سیاسییه‌كانى عێراقی بەسەر بردووە، ئەمەش تێگەییشتنێکی قووڵی بۆ ئاڵنگارییە نیشتمانییەکان پێداوە و توانای لە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەكان بەهێز کردووە.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هەردوولا جەختیان لەسەر گرینگی بەردەوامی دیالۆگ و لێکگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا کردەوە.


ئەم بابەتە 50 جار خوێندراوەتەوە