نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پیرۆزبایى له‌ هاووڵاتیانى مه‌سیحى ده‌كات

پەیامی کورد   ...   نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پیرۆزبایى له‌ هاووڵاتیانى مه‌سیحى ده‌كات

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، بە بۆنەی جه‌ژنى قیامه‌ى حه‌زره‌تى مه‌سیح (سڵاوى خواى لێبێت)  پیرۆزبایی لە کریستیاننانی کوردستان و عێراق و جیهان کرد و ده‌شڵێ، له‌م جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌دا دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ وڵاتى فره‌كولتوورى و پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌یى بۆ هه‌موو ئایین و نه‌ته‌وه‌كانى ده‌مێنێته‌وه‌.

دەقی پەیامەکەی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان:

جه‌ژنى قیامه‌ى حه‌زره‌تى مه‌سیح (سڵاوى خواى لێبێت) به‌ گه‌رمى له‌ هه‌موو هاووڵاتیانى مه‌سیحیمان له كوردستان، عێراق و جیهان پیرۆز ده‌كه‌م، هیواى جه‌ژنێكى ئاسووده‌یان بۆ ده‌خوازم، هیوادارم‌ خۆشى و ئارامى له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت و ئاشتى باڵ به‌سه‌ر ته‌واوى جیهان و مرۆڤایه‌تیدا بگرێت.

له‌م جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌دا دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ ووڵاتى فره‌ كلتوورى و پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌یى بۆ هه‌موو ئایین و نه‌ته‌وه‌كانى ده‌مێنێته‌وه‌ و له‌مپێناوه‌دا له‌ كار و هه‌وڵ و كۆششمان به‌رده‌وام ده‌بین.

با ئه‌م جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تى پته‌وكردنى برایه‌تى و یه‌كڕیزى و ته‌بایى له‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستاندا و پێكه‌وه‌ به‌ گیانى به‌رپرسیارییه‌تی هاوبه‌ش، ئه‌ركه‌كانمان به‌رامبه‌ر به‌ ووڵات و پاراستنى مافه‌كان و قه‌واره‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان جێبه‌جێ بكه‌ین و ده‌ست له‌ناو ده‌ست بۆ داهاتوویه‌كى باشتر بۆ نه‌وه‌كانمان كار بكه‌ین.

 

جه‌ژنى قیامه‌ له‌ هه‌موو لایه‌ك پیرۆز بێت، هه‌‌موو ساڵێك به‌ خۆشى.

 

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان


ئەم بابەتە 96416 جار خوێندراوەتەوە