نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسان و کادیرانی پارتی لە ئاکرێ کۆبووەوە
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسان و کادیرانی پارتی لە ئاکرێ کۆبووەوە
لە بەردەوامی سەردانەکەیدا بۆ دەڤەری بادینان، دووشەممە ١٦-٩-٢٠٢٤ نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئاکرێ لەگەڵ لقی ٩ و بەرپرسان و کادیران و ڕێکخستنەکانی پارتی لە سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای تاوتوێکردنی کار و ئەرکەکانی پارتی و ڕێکخستنەکانی لە سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش و دەوروبەریان، باس لە ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و تیشک خرایە سەر چالاکییەکانی کادیران و ڕێکخستنەکانی پارتی بۆ سەرخستنی ھەڵبژاردن.
لەمبارەوە نێچیرڤان بارزانی وێڕای باسکردنی کولتووری پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و ڕۆڵ و ئامادەیی و پێگەی ناوچەکە لە شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا، جەختی لە بەڕێوەچوونی ھەڵمەتێکی مەدەنی ھێمن و ئارام کردەوە، ھەروەھا بەڕێزیان باسیان لە گرینگی دەنگدان کرد و سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی بە سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستان لە قەڵەم دا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە دۆخی ئەو دەڤەرە خرانە بەر باس.
ئەم بابەتە 62745 جار خوێندراوەتەوە