نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردون کۆبووه‌وه‌

پەیامی کورد   ...   نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردون کۆبووه‌وه‌

ھەر لە بەردەوامی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میوونشن، ئێوارەی ھەینی ٢٠٢٥/٢/١٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەیمەن حسێن عەبدۆڵڵا ئەلسەفەدی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە و کاروباری کۆچبەران لە شانشینی ئوردونی ھاشمی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان ئوردون و عێراق و ھەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد، ھەروەھا تیشکیان خستە سەر چۆنیەتی بەھێزکردنی ھاوکاری ھاوبەش لە بوارە سیاسی و ئابوورییەکان و دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە.

نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرینگی پەیوەندییەکان لەگەڵ شانشینی ئوردونی ھاشمی کردەوە و ئاماژەی بە ڕۆڵی کاریگەری ئوردون لە پشتگیریکردنی سەقامگیری ھەرێمایەتی دا کرد، ھەروەھا خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی ھاوکاری ھاوبەش لەگەڵ ئوردون دووپات کردەوە.

لای خۆیەوە، ئەیمەن ئەلسەفەدی پابەندی ئوردونی بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستاندا دووپات کردەوە و ستایشی ڕۆڵی ھەرێمی کوردستانی لە سەقامگیری عێراق و ناوچەکەدا کرد، ھەروەھا جەختی لە گرینگی بەردەوامی دیالۆگ و ھاوکاری ھاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ھەرێمایەتییەکان کردەوە.

پێشھاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و ناوچەکە، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.


ئەم بابەتە 58 جار خوێندراوەتەوە