نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری عێراق کۆبووەوە
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری عێراق کۆبووەوە
لە درێژەی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لە بەغدا، ئێوارەی دووشەممە، ٢٠٢٥/١/١٣ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری عێراق، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕایان دەربارەی دۆخی عێراق بەگشتی گۆڕییەوە و گرینگی ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ووڵاتدا، بەتایبەتیش کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تاوتوێ کران.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرینگی ڕۆڵی ئەنجوومەنی دادوەری عێراق بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە پشت بەستن بە دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان کردەوە، بە شێوەیەک کە خزمەتی بەرژەوەندی و سەقامگیری ووڵات بکات.
ھەر لەمبارەیەوەش سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی ئەنجوومەن و دەسەڵاتی دادوەری عێراق لە پشتگیری و سەرخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووپات کردەوە و ستایشی کار و ڕۆڵی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنی عێراقی کرد. ھەروەھا داوای کرد دەسەڵاتی دادوەری ڕۆڵی خۆی لە دابینکردنی ماف و شایستە دارایییەکانی ھەرێمی کوردستاندا بگێڕێت.
لای خۆیەوە، دادوەر فایەق زێدان جەختی لەسەر گرینگی سەروەری یاسا لە چارەسەرکردنی پرسە نیشتمانییەکان کردەوە، ھەروەھا ئاماژەی بەوە کرد کە دەسەڵاتی دادوەری ھەمیشە ھەوڵ دەدات فاکتەرێک بێت بۆ نزیکبوونەوەی نێوان لایەنە جیاوازەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان.
ئەم بابەتە 78 جار خوێندراوەتەوە