نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە

پەیامی کورد   ...   نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە

ھەر لە درێژەی بەرنامەکەیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میوونشن، ئێوارەی شەممە ٢٠٢٥/٢/١٥، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا تاوتوێ کران، ھەروەھا باسیان لە چۆنیەتی بەھێزکردنی ھاوکاری لە بواری سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا کرد و تیشکیان خستە سەر پێشھاتە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و سووریا و ناوچەکە.

نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر برەودان بە پەیوەندی دۆستانەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش کردەوە، ھەروەھا ئاماژەی بە گرینگی ھاوکاری ھاوبەش لەگەڵ تورکیا لە ھەموو بوارەکان، بەتایبەتی لە بواری ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا، کرد‌.

لای خۆیەوە، ھاکان فیدان خواستی تورکیای بۆ بەھێزکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستاندا نیشان دا، ھەروەھا جەختی لەسەر گرینگی ھەماھەنگی ھاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و کارکردن بۆ بەدیھێنانی سەقامگیری و گەشانەوە لە ناوچەکەدا کردەوە.

پێشھاتەکانی ناوچەکە و دۆخی سووریا، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.


ئەم بابەتە 50 جار خوێندراوەتەوە