نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ڕێکخستنەکانی پارتی لە سلێمانی، ھەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان کۆبووەوە
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ڕێکخستنەکانی پارتی لە سلێمانی، ھەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان کۆبووەوە
لە بەردەوامی بەرنامەکەیدا بۆ بەسەرکردنەوەی ڕێکخستنەکانی پارتی، نیوەڕۆی سێشەممە ٢٠٢٤/٩/٢٤ لە شاری سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ بەرپرس و ستافی مەکتەبەکانی ڕێکخستن، لقەکان، ئۆرگان و ڕێکخستنەکانی پارتی لە سنووری ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئامادەی بوون، وێڕای خستنەڕووی ئەرکی ڕێکخستنەکانی پارتی و ھەڵسەنگاندنی کارەکانیان، باس لە ڕۆڵی پارتی و کادیرانی لە سنووری ئەو ناوچانە کرا.
ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەکارییەکانی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون. تیایدا نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە ئەرکی ڕێکخستنەکان و جەماوەری پارتییە بە ھەموو شێوەیەک کار بۆ سەرخستنی ھەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان بە ڕێک وپێکی بکەن، ھەروەھا جەختی لە پابەندی ھەموو لایەک بە بانگەشەیەکی ئارامەوە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکاندا، کردەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان بە خستنەڕووی سەرنج و پێشنیارەکانیان سەبارەت بە پرس و تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەوە، بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد.
ئەم بابەتە 51242 جار خوێندراوەتەوە