نێچیرڤان بارزانی : هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی زۆر گەورەن
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی : هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی زۆر گەورەن
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بانگەشەی هەڵبژاردن و بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەوە دەردەخات "پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی باش و لەسەر رێچکەیەکی دروست خەریکە گەشە دەکات."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری لە دوایین پانێڵدا کە بە ناونیشانی "هەرێمی کوردستانی عێراق لە دەورووبەرێكی پشێودا: دیدگا و ئاراستەکان"ـە، قسەی كرد.
سەرەتای قسەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو. ووتی، "مەسەلەی هەڵبژاردن مەسەلەیەکی گرینگ بوو بۆ هەرێمی کوردستان. هەڵبژاردن سەرچاوەی رەوایەتیدانە بە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و دواکەوتنی بۆ هەرێمی کوردستان زۆر خراپ بوو."
هەروەها رایگەیاند، "هەڵبژاردن گرنگە، لەبەرئەوەی رەوایەتیی دەسەڵات دەدات بە هەر کەسێک کە بیباتەوە. هەرێمی کوردستان و عێراقیش ئەو مۆدێلەیان هەڵبژاردووە، مەسەلەی دیموکراسییەت و دەسەڵات لەڕێگەی سدووقی دەسەڵاتەوە."
لەبارەی براوەی هەڵبژاردنیش، نێچیرڤان بارزانی گوتی، "براوەی گەورە لەم هەڵبژاردنە، گەلی کوردستان و عێراق بوون، کەم نییە نزیکەی 72٪ـی خەڵک بەشدارییان لەم هەڵبژاردنەدا کرد."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا هەر لەبارەی هەڵبژاردن سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "خۆشبەختانە دەڵێین بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی دیکە، پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستاندا بەشێوەیەکی باش و لەسەر رێچکەیەکی دروست خەریکە گەشە دەکات. لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی دیموکراسیدا گەلی کوردستان سەلماندی پێویستە زیاتریشی بۆ بکرێت و سوپاس بکرێت. ئێوە تەسەوری ئەوە بکەن، دوو حیزبی رکابەر لە یەک کاتدا لە هەولێر بانگەشەیەکی گەورەی هەڵبژاردنیان دەکرد و هیچ کێشەیەکیش رووینەدا."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاند، "هەڵبژاردنێکی زۆر سەرکەوتوومان بەڕێکرد، کە لە ساڵی 1991ـەوە، ئەمە گرنگترین هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بوو، ئێستا کاتی ئەوەیە دووبارە دەست بەوە بکەین مۆدێلێکی رێکوپێک بدۆزینەوە کە چۆن لەگەڵ بەغدا کێشەکان چارەسەر بکەین، بەڵام ئەم کێشانە سەرەتا بەوە چارەسەر دەبن، نێو ماڵی خۆت رێکبخەی، حکوومەتێکی کارا و بەهێزت هەبێت، کە هەوڵبدات رێگەی لێکتێگەیشتن و چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا بدۆزێتەوە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێ، "مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی فیدراڵی نییە، هەموو شتێکە تەنیا فیدراڵی نییە، بەڵکو زۆر زۆر ناوەندییە. من، ئەم قسانەم بە ڕاشکاوی لەگەڵ برایانمان لە بەغداش کردووە."
"کلیلی چارەسەر ئەوەیە، بەغدا دەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان کێشەکان چارەسەر بکات، لە ساڵی 2003ـەوە هەر دەڵێین دەستوور، دەستوور چارەسەرە، بەڵام بەڕاستی ئەوە نابینین."ئەمە وەک نێچیرڤان بارزانی باسی دەکات، کە گوتیشی، "ئەم هەڵبژاردنانە دەرفەتی گەورە و نوێی رەخساندووە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگەینە چارەسەرێک کە جێگەی رەزامەندیی هەموولایەک بێت."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشێکی گوتەکانی تایبەت بوو بە نەوتی هەرێمی کوردستان، کە لە مانگی ئاداری 2023ـەوە هەناردەکردنی لەڕێگەی بۆری نەوتی جیهان لەسەر داوای عێراق و لەسەر بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، راگیراوە.
نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە لەوەی، "هەندێک لایەن پێیان وایە مەسەلەی نەوت مەسەلەیەکی سیاسییە، بەڵام بابەتێکی سیاسی نییە، بەڵکو ئابوورییە... ئەگەر واقعی سەیری جوگرافیای کوردستانیش بکەین، دەبینین نەوت کاڵایەکی بازرگانییە و ئێمە وای دەبینین."
لەبارەی عێراق و تورکیاشەوە رایگەیاند، "بە سوپاسەوە تورکیا رێگەی دا ئێمە ئەو نەوتە بۆ دەرەوە بنێرین. هیچ قازانجێکیشیان نەکرد لەو بابەتە بەڵکو زیاتر یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان بوو، نە ئێمە نەوتمان بە تورکیا فرۆشتووە، نە ئەوانیش زەختیان کردووە، کە دەبێت بە ئەوانی بفرۆشین، بەڵکو بە چەند کۆمپانیایەکی جیهانی فرۆشراوە."
سەبارەت بە زیانەکانی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش گوتی، "ئەو حاڵەتەی ئێستا هەیە کە ئەو نەوتە لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە ناکرێت، زەرمەندی گەورە خودی عێراقە، کە پێموابێت زیاتر لە 15 ملیار دۆلار بەلایەنی کەمەوە زیانی بەرکەوتووە."
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند، "بە دەرفەتی دەبینم لێرەوە داوا لە بەغدا بکەم، کە بەشێوەیەکی دروست و ئابوورییانە بیر لەو بابەتە بکاتەوە نەوەک سیاسی، کە لە کوێدا عێراق زیانی کردووە و لە کوێدا قازانج دەکات، بەمشێوەیە سەیری بابەتەکە بکات. بەڕای من چارەسەری دروست ئەوەیە، جارێکی دیکە دەبێت نەوتی هەرێمی کوردستان وەکو نەوتی عێراق بە بۆری هەناردەی دەرەوە بکرێت."
جەختیشی کردەوە لەوەی لەو بابەتەدا "تورکیا کێشەکە نییە، ئەو کێشەیە لە بەغدا و پەرلەمان هەیە. لەم پرۆسەیەدا زەرەرمەندی هەرە گەورە عێراقە."
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی نێچیرڤان بارزانی:
پرسیار: جەنابت زۆر بە پەرۆش بوویت بۆ ئەم هەڵبژاردنە کە بکرێت، سەرەتا بڕیاربوو مانگی دوو بکرێ، دواتر دوای گفتوگۆیەکی چڕ لەگەڵ حیزبەکان و یونامی و دەرەوە و سەردانی بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەوڵێکی زۆرت دا بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت، ئەم هەموو هەوڵە بۆ؟
نێچیرڤان بارزانی: مەسەلەی هەڵبژاردن گرنگ بوو بۆ هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردن سەرچاوەی رەوایەتیدانە بە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، دواکەوتنی هەڵبژاردن بۆ هەرێمی کوردستان زۆر خراپ بوو، بە هەوڵ و کۆششێکی زۆر لەگەڵ بەغدا کە بەڕاستی یارمەتیدەر یەکجار زۆر بوون، خودی جەنابی سەرۆکوەزیران سوودانی، سەرۆکی دەسەڵاتی داوەری فایەق زێدان، سەرۆکی دادگەی فیدراڵی، هەروەها پەرلەمانی عێراق و بەشێوەیەکی گشتی هەموویان یارمەتیدەر بوون، جێی خۆیەتی من سوپاسێکی تایبەتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بکەم، کە بەڕاستی زۆر بە شێوەیەکی پیشەیی و بێلایەنانە ئیشەکەیان جێبەجێکرد.
هەڵبژاردن لەبەرئەوە گرنگە کە رەوایەتی دەسەڵات بە هەرکەس دەدات کە لە هەڵبژاردن بیباتەوە، هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا ئەم مۆدێلەی هەڵبژاردووە و عێراقیش ئەمەی هەڵبژاردووە، مەسەلەی دیموکراسییەت و مەسەلەی یەکلاکردنەوەی بابەتی دەسەڵات لە رێگەی سندووقی دەنگدانەوە.
لەبەر ئەوە ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگ بوو، ئەوەی کە جێی خۆیەتی من بیڵێم، براوەی گەورە لەم هەڵبژاردنە گەلی کوردستان و عێراق بوو، کەم نییە سنووری 72٪ی خەڵک بەشدارییان لەم هەڵبژاردنەدا کرد. هەندێک شتی بچووک روویاندا وەکو هەر بانگەشەیەک، لە دونیا کە بانگەشە دەکرێت مومکینە هەندێ مەشاکیلیش رووبدەن بەڵام سەیری بکەن و بەشێوەیەکی گشتی بەراوردی بکەن لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی تر، خۆشبەختانە ئێمە دەبینین پرۆسەی دیموکراسییەت لە کوردستاندا بەشێوەیەکی باش و لەسەر رێچکەیەکی دروست خەریکە گەشە دەکات.
من ناڵێم هەموو شتەکان تەواون و هیچ موشکیلە نییە، بەڵام لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی دیموکراسیدا گەلی کوردستان سەلماندی بەوەی کە شایستەی ئەوەیە لەمە زیاتریشی بۆ بکرێت و ئەم گەلە شایستەی ئەوەیە سوپاس بکرێت. تەسەوری ئەوە بکەن دوو حیزبی رکابەر لە یەک کاتدا لە هەولێر و لە دوو شوێنی جیاواز بانگەشەیەکی گەورەی هەڵبژاردنیان دەکرد هەریەک بۆ حیزبی خۆی و هیچ کێشەیەکیش رووینەدا.
ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە گەلی ئێمە ئەو هۆشیارییەی کە ئێستا پێی گەیشتووە کە دەبێ کێشەکان بە شێوەیەکی دیموکراسی چارەسەر بکرێت، گەشەیەکی زۆری کردووە. جێی خۆیەتی کە پیرۆزبایی لە هەموو گەلی کوردستان بکەم بۆ ئەم هەڵبژاردنانە کە بە هەموو پێوەرێک زۆر سەرکەوتوو بوو.
پرسیار: پێدەچێ هەندێ لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ جەنابت هاوڕا نەبن و گلەییان لە پرۆسەکە هەبوو، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەم تۆنە ئیجابییەی جەنابت و لە بەیاننامەکانی یونامی و کونسوڵخانەکانیشەوە، هەڵبژاردنی کوردستان پرۆسەیەکی جوانی بێ کێشەیە و ئەو ئیجابییەتە باسکرا. پرسیاری من بۆ جەنابت: وا هەست دەکەم هێشتا دەڵێی هەڵمەتی هەڵبژاردن تەواو نەبووە و نەچووینەتە قۆناخی دوای هەڵبژاردن، ترسم هەیە پرۆسەکە ئەوەندە تێکبچێت ئەم حاڵەتە ئیجابییە تێکبچێت، ئایا جەنابت بۆ پێکهێنانی حکوومەتیش بەم جۆرە ئیجابیت؟ پرسیاری دووەمیش ئەوەیە کە هەر جارەی جەنابت دەبینم دەبێ بڵێم: بەخێربێیتەوە، چونکە لە حەلی موشکیلەیەک دەگەڕێیتەوە، تاقەتی سوڵحت ماوە بۆ پێکهێنانی حکوومەت و چاککردنی دۆخەکە، هەروەکو چۆن هەڵبژاردنت هێنایە ئارا؟
نێچیرڤان بارزانی: لەم پرۆسەیەدا گەلی کوردستان سەرکەوت، ئەوانەشی کە ئۆپۆزیسیۆنن بەشێکن لەم میللەتە و لەم هێزە سیاسییانەی کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا هەن، تازە تەواو ئێمە هەڵبژاردنمان کردووە، ناتوانین جارێکی دیکە هەر لە کەشی هەڵبژاردن بین و دژی یەکدی قسە بکەین.
دەبێ ئێمە پێکەوە کار بکەین، ئەوەی لەبەردەم ئێمەیە زۆر زۆر گەورەترە لەوەی رۆیشتووە، ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێت رۆڵی خۆی لە پەرلەمان ببینێت، بوونی ئۆپۆزیسیۆن لە هەر سیستمێکی سیاسی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چاودێریی حکوومەت و چاودێڕیی ئەدای حکوومەت، ئێمەش ئەوها سەیری دەکەین: هەندێک لەم حیزبانە دێنە دەسەڵات، هەندێکیش دەمێننەوە و دەبنە ئۆپۆزیسیۆن. بەڵام ئەمانە دوژمنی یەک نین، نە دەسەڵات دوژمنی ئۆپۆزیسیۆنە و نە ئۆپۆزیسیۆنیش دوژمنی دەسەڵاتە، دوژمنداری نییە، رکابەری سیاسیی هەیە، بەڵام ئێمە دوژمن نین.
من پێموایە هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی زۆر گەورەن، 72٪ی خەڵکی کوردستان بەشدارییان کردووە لە هەڵبژاردن، ئەمە پەیامە.. خەڵکی کوردستان پەیامی ئەوەی دا "ئێمە ئەو سیقەیەمان بە ئێوە دا، دەبێ ئێوەش لە چاوەڕوانی ئەو سیقەیە بن کە ئێمە بە ئێوەمان داوە".
دەبێ هێزە سیاسییەکان درک بەوە بکەن کاکە هەڵبژاردن تەواو بوو، قسەکانمان کرد و هەریەک بەش بەحاڵی خۆی هەوڵی دا بە بانگەشەی هەڵبژاردن خەڵک رازی بکات، خەڵکیش دەنگی دا بۆ ئەو لایەنەی کە مەبەستی بووە و دەیەوێ. تازە تەواو! مانەوەمان لەم دۆخە زەرەرە، چوونکە خەریکە گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکەدا روودەدا، ناکرێ جارێکی دیکە ئێمە میللەتی خۆمان بێهیوا بکەین.
دەبێ بە زووترین کات (من دەزانم چەندە) هەوڵ بدەین حکوومەتێک درووست بکەین و لایەنەکان دەست بە قسە بکەن و ئەمە هەموو خۆی پرۆسەیەکە.
بەیانی دوێنێ کۆمیسیۆن ئەنجامی هەڵبژاردنی بەشێوەیەکی رەسمی ڕاگەیاندووە، دوای ئەوە پرۆسەی تر هەیە، شکایەت و شکایەتکاری و ئەوانە.. رێزم بۆ هەموو ئەو هێزانەی کە باسی هەندێ کێشە دەکەن، من پێ موایە یەکێک بووە لە پرۆسە هەرە پاکەکانی هەڵبژاردن کە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا کراوە.
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بە دڵێکی فراوان لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ یەکدی دابنیشن. بەپێی یاسا دەبێ سەرۆکی هەرێم داوای دانیشتنی پەرلەمان بکات، ئێمە هەموو ئەو پرۆسەیە دەکەین. من پێموایە حیزبە سیاسییەکان لە ئێستاوە دەستیانپێکردووە بەوەی لەگەڵ یەکدی گفتوگۆ بکەن. من بۆ ئەنجامەکان نازانم، بەڵام خۆ ژمارەکان ئاشکرایە: کێ دەتوانێت لەگەڵ کێ قسە بکات و ئەمە مەعلومە، کورسییە و ژمارەیە، تۆ لەوە زیاتر هیچت بەدەستەوە نییە، بەپێی ئەو ژمارانە دەبێ حکوومەتێکی هاوپەیمانی بێت.
ئەم هاوپەیمانێتییە چۆن درووست دەکرێ؟ پێموایە دەبێ هێزەکان زیاتر سەرنجیان لەسەر ئەم خاڵە بێت، چوونکە هیچ هێزێک بەتەنیا خۆی ئەوەندە کورسییەی نییە کە بتوانێت ئەم ئیشە بکات و بە دڵنیایی دەبێ لەگەڵ حیزبەکانی دیکە هاوپەیمانیەتی درووست بکات و ئەوەی کە موهیمە دەبێ حکوومەتێک بە زووترین کات درووست بکرێت، ئەو حکوومەتەی کە گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە چاوەڕێی دەکات، ئەمە بۆ ئێمە گرنگە لە کوردستان و بۆ پێگەکەشی گرینگە لە بەغدا.
ئەم بابەتە 33 جار خوێندراوەتەوە