نێچیرڤان بارزانی : پارتی قۆناغی ململانێی بەجێ ھێشتووە
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی : پارتی قۆناغی ململانێی بەجێ ھێشتووە
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت : لایەنەکانی دیکە ململانێ دەکەن بۆ ئەوەی تۆزێک بگەنە ئاستی پارتی، ئێمە وەکو پارتی قۆناغی ململانێمان بەجێھێشتووە، ئامانجی ئێمە زۆر لە ململانێ گەورەترە.
یەکشەممە ٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە ھەڵمەتی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری ھەولێر ووتی: تەنھا ئەو کەسانەی خۆیان لە بەرپرسیارەتی دەدزنەوە بێ کەم و کوڕین، ئەوەی لای ئێمەی پارتی ئاشکرایە ئەوەیە بێ کەم و کورتی نین، ھەموو ئامانجی گەلی کوردستان بە شەو و ڕۆژێک نایەتە دی، دەزانین کەش و ھەوای کوردستان و پڕۆسەی سیاسی لەو کەش و ھەوایە ئاسان نەبووە، ئێمە بە بەرپرسیارییەتی خۆمان دەزانین کەم و کوڕییەکانی کارکردنمان دەست نیشان بکەین، چارەی گونجاویان بۆ بدۆزینەوە، بەخۆماندا بچینەوە تا بزانین لە چ بوار و ئاستێک بە باشترین شێوە گۆڕانکاری بکەین، چۆن بتوانین لە چەند ساڵی داھاتوو خزمەتی ھاووڵاتییان و نیشتمان و ووڵاتەکەمان بەشێوەیەکی باشتر بکەین.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دا، پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، سەرۆک بارزانی یەکەم کەس بوو لە شاری کۆیە داوای کرد و دەستپێشخەربوو بۆ ئەوەی لە ڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە، حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە، سەرۆکی پارتی بەردی بناغەی دیموکراسیەتی لە کوردستان دانا، لەو ساڵەوە تاکوو ئێستا خەرمانێکی گەورەمان لە دەستکەوت و ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی ھەل و مەرجی ژیان بۆ گەلەکەمان بەدەستھێناوە، ئێوە دەزانن و ئێمەش دەزانین ھەموو ئەو کار و پڕۆژانەی کە ھەیە بێ کەم و کوڕی نین، بەڵام گرینگ ئەوەیە دیسان لەو ھەڵبژاردنانەی لە پێشمانە، متمانە بە پارتی بدرێتەوە تا لە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەی ئابووری بەردەوام بێت.
نێچیرڤان بارزانی سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، ئەرکی ئێوە و ئەندامانی پارتی تا ڕۆژی ھەڵبژاردن زۆر گەورەیە، دەبێت بەوپەڕی تواناوە ھەوڵ بدەن متمانەی نوێی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بۆ پارتی نوێ بکرێتەوە، ئێمە دەبێت شانازی بەوە بکەین تا ئێستا بەدەستمان ھێناوە، متمانەی نوێ بە پارتی، واتا گواستنەوەی کوردستان لە قۆناغی ئێستاوە بەرەو قۆناغێکی باشتر و ئاوەدانتر و ئاسوودەتر بۆ ھەموو گەلی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی ووتیشی: لایەنەکانی دیکە ململانێ دەکەن بۆ ئەوەی تۆزێک بگەنە ئاستی پارتی، ئێمە وەکو پارتی قۆناغێکی ململانێمان بەجێھێشتووە، ئامانجی ئێمە زۆر لە ململانێ گەورەترە، ئامانجی ئێمە گواستنەوەی کوردستانە بۆ قۆناغێکی پێشکەوتووتری حوکمڕانی لە ھەموو ڕوویەکەوە، پێشەنگی پارتی، واتا گرەنتی بەردەوامی سەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیەی کە لەچوار ساڵی داھاتوودا لە پێشمانە، دەبێت دەستکەوتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ تاکوو ئێستا وەک چاوی خۆمان بیانپارێزین، دەڵێت: ئەرکی مێژوویی ئێمەی پارتی ئەوەیە ھیچ یەک لەو دەستکەوتانە لەدەست نەدەین و بە ویژدانەوە ئایندەی چوار ساڵی داھاتووی پێکھێنانی پەرلەمان و حکوومەت دیاری بکەین.
نێچیرڤان بارزانی، جەختی لەوەش کردەوە، ھەرچی دەکەین، بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن دەبێت لەسەر بنەمای ڕێز بێت، بۆ ڕێبازەکەمان، بۆ شەھیدان، بۆ قوربانی و ئەرکی پاراستنی دەستکەوتەکانمان، پارتی نابێت و ناکرێت ڕێگە بدات نە خۆی، نە ڕکابەرانی لە پێش بڕگەی سیاسی دا ببنە ھۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری و ئازادی کوردستان.
ئەم بابەتە 32287 جار خوێندراوەتەوە