نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد
پێنجشەممە ٢٠٢٤/١٢/١٢، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەدمیراڵ سێر ئەنتۆنی ڕاداکین، سوپاسالاری بەریتانیا و شاندێکی پایەبەرزی سەربازی و دیپلۆماسی یاوەری کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆک، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، سوپاسالاری پێشمەرگە و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ئامادەی بوون، دۆخی ئێستای عێراق و ھەرێمی کوردستان و پێشھاتە خێراکانی ناوچەکە، بەتایبەتی لە سووریا و ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش تاوتوێ کرا، ھەروەھا پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، خرایە بەر باس.
نێچیرڤان بارزانی ستایشی ڕۆڵ و پشتیوانی بەردەوامی بەریتانیای لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد، ھەروەھا سوپاس و پێزانینی بۆ ھێزەکانی بەریتانیا دووپات کردەوە کە یارمەتی ھەرێمی کوردستان دەدەن لە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و یەکخستنەوەی پێشمەرگە.
لای خۆیەوە، ئەدمیراڵ ڕاداکین پابەندی ووڵاتەکەی بۆ پشتیوانیی زیاتر و بەھێزکردنی ھاریکاریی ھاوبەشی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستاندا، دووپات کردەوە، ھەروەھا ئاماژەی بە گرینگی بەردەوامی ھاوکاری و ھەماھەنگی کرد بۆ دڵنیابوون لە بەرەنگاربوونەوەی سەرکەوتووانەی مەترسییەکانی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھەردوولا خرانە بەر باس.
ئەم بابەتە 116 جار خوێندراوەتەوە