نێچیرڤان بارزانی : چارەسەر ئەوەیە کای کۆن بەبا نەکەین.. داهاتوویەکی پڕشنگدارمان لەپێشە
پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی : چارەسەر ئەوەیە کای کۆن بەبا نەکەین.. داهاتوویەکی پڕشنگدارمان لەپێشە
چوارشهممه 2024/4/17 نێچیرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، بهشدارى له ڕێوڕهسمى كردنهوهى ههشتهمین دیدارى سلێمانیدا كرد كه لهلایهن زانكۆى ئهمهریكی عێراقهوه له سلێمانى ڕێك دهخرێت.
له ڕێوڕهسمهكهدا كه ژمارهیهكى بهرچاوى میوانان له سیاسهتمهدار و ئهكادیمى و لێكۆڵهران له ههرێمى كوردستان و عێراق و وڵاتانى دهرهوه بهشدار بوون، سهرۆك نێچیرڤان بارزانى، وتارێكى دهربارهى دۆخى عێراق و ههرێمى كوردستان و ناوچهكه پێشكهش كرد، ئهمه دهقهكهیهتى:
ئامادەبووانی خۆشەویست..
بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ شاری سلێمانی، پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان. بەخێر بێن بۆ دیداری ساڵانەی سلێمانی له زانكۆى ئهمهریكیى عێراق. دەستخۆشی لە برای بەڕێزم جهنابى د. بەرهەم ساڵح و تەواوی ڕێکخەرانی دیداری سلێمانی دەکەم. جهنابیان زۆر كارى جوانى بۆ سلێمانى كردووه، یەكێك لەو كارە جوانانەی ئەم زانكۆیەیە و ئەم دیدارە كە بۆتە نەریتێكی ساڵانە بۆ شاری خۆشەویستی سلێمانی و بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ عێراق، منیش وەك نیوەم خەڵكی سلێمانی، زۆر سوپاسی دەكەم، بە نیوەكەی دیكەش هەر سوپاسی دەكەم، بەڵام ئێستا بەتایبەتی بەو نیوەی خۆمەوە سوپاسی دەكەم.
دیداری سلێمانی لە دۆخێکی زۆر هەستیاری ناوچەیی و جیهانیدا بەڕێوە دەچێت. شەڕ و گرژیى توند، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووهتهوه، مهترسییهكى زۆر لهسهر ئارامى و سهقامگیریى ناوچهكه و خراپتربوونى زیاترى دۆخهكه ههیه.
بۆ ئەوەی ناوچەكە لەو لێكهوت و مەترسییە خراپانە بهدوور بێت، پێویستە گفتوگۆ و پێکەوەدانیشتن دەست پێبکرێت. بۆ ئەوەی ئاشتی بێتە کایەوە، دەبێ ڕێککەوتنێكی هاوسەنگ بکرێت. ئەمە ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر کردووە لە دروستکردنی ئاشتی لە ناوچهكه.
دوای هێرشی حەماس لە ٧ی ئوکتۆبەری ساڵی ڕابردوو بۆ سەر ئیسرائیل و ڕفاندنی دەیان مەدەنی، شەڕێکی وێرانکار، کاولکارییەکی زۆر گەورە لە غەززە دروست بووە. ئەوە كارهساتێكى مرۆییى گەورەیە. لەبەر ئەوە دەبێ بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکرێت بۆ ڕاگرتنی بێ مەرجی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکان.
بۆ چارەسەری بنچینەییش لەو باوەڕەداین ئاشتییەکی سەقامگیر، بریتییە لە چارەسەری دوو دەوڵەت. هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دەکات. ئەوە تاکە ڕێگەی ئاشتی و سەقامگیرییە.
ئامادەبووانی بەڕێز ..
هەرێمی کوردستان هەمیشە لایەنگری گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەیە. ئێمە بە ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتانى دراوسێى دۆست، نموونەی جوانی هاوبەشی و پێشکەوتنی ئابووری و گەشەکردنێکی هاوبەشمان دروست کردووە. دەرفەتی زۆرى کاری هاوبەشمان دروست کردووه. دڵنیام بە پرۆژە گەورەکانی داهاتوو، ئەو پێشکەوتنە زیاتر و فراوانتر دەکەین.
ڕێگە نادەین هەرێمی کوردستان مایەی هێرش و هەڕەشە بێت بۆ سەر هیچ وڵاتێک. هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە هاوبەشیی ئابووریی نێوانمان فراوانتر بکەین. دڵنیاین کە پیشکەوتنی ئابووری، سەقامگیریی سیاسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی بەهێز، لە ناوچەکەدا دروست دەکات.
کاروانی دیموکراسی و ئاوەدانکردنەوە لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 1991ـەوە دەستی پێکردووە. دەیان دەوڵەت کۆبوونەوە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە عێراق، چونکە مایەی هەڕەشە بوو بۆ سەر گەلەکەی و وڵاتانی دراوسێ و جیهان. ئێمە لە تەنیشت ئەو ڕژێمەدا ئەزموونێکی زۆر گەورەمان لە دیموکراسی، ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری دروست کرد.
ئێمە ئەوکات دەرگای بازرگانی و گەشەسەندنی ئابووریمان لەگەڵ وڵاتانی درواسێدا کردەوە. پردی هاوبەشی و پهیوهندیى باشمان لەگەڵ مللهتانى دراوسێدا دروست کرد. توانیمان ئەوە بکەین، چونکە سەرکردایەتی و گەلەکەمان، باوەڕیان بە دیموکراسی و بە ئاشتی بوو. دوای گەورەترین هەڵمەتەکانی جینۆساید لە ئەنفال و کیمیابارانی گەلی کوردستان، باوەڕمان وابوو ئاشتی ڕێگەی پێشکەوتنی وڵاتە، نەک شەڕ.
کە ئەزموونی هەرێمی کوردستان سەرکەوت، ئازادیخوازانی عێراق توانییان سەربکەون. کە ئێمە بە هێز بووین، هەموو عێراقییەکان بە هێز بوون. هەرێمی کوردستان بووە بنکەی کۆبوونەوە و یەکگرتن و سەرکەوتنی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بەسەر دیکتاتۆریەتدا.
چونکە پرۆژەی ئێمە دیموکراسی و ئاشتی بوو، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانیی ئێمەیان کرد. دۆستەکانمان لە ناوچەکەدا هاوکارمان بوون لەو کرانەوە و هاوبەشییە ئابوورییەدا، بەتایبەتی وڵاتی ئێران و تورکیا. ئەو باوەڕەی ئێمە بە دیموکراسی و ئاشتی هەر بەردەوامە و نەگۆڕاوە.
بەڕێزان..
ڕێگەی ئێمە لە ناوخۆی عێراقیشدا هەمان ڕێگەیە. بۆ قووڵکردنەوەی دیموکراسی لە عێراق و بۆ پاراستنی لە مەترسی و مەرگەساتی وەک ڕابردوو، پێویستیمان بە گفتوگۆیەکی ئارامی بەردەوامە لەگەڵ یەكتر.
ناکۆکی و پەلاماردانی یەکتر، بەردەوام ڕێگە بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکاتەوە. هێرشەکانی قاعیدە و هێرشی گەورەی داعش ڕووینەدەدا، ئەگەر ئێمە لە ناوخۆی عێراق یەکگرتوو بوواین.
دیکتاتۆری، دەسەڵاتی یەک پێکهاتە لە عێراق و نەبوونی ئازادیی سیاسی، مێژووی عێراقی خوێناوی کرد. ملیۆنان كهس لە عێراق بوونە قوربانیی بێگوناهی ڕژێمی خراپ لە عێراق. سامانی دەیان ساڵەی عێراق بە فیڕۆ درا. ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی هەموو ڕێگەکانی بەهێزبوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە عێراق، دابخەین.
گەلانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە سەر دەستوورێکی گونجاو ڕێککەوتن. دەستووری عێراق بە پەسەندکردنی سیستەمی فیدراڵی، ڕێگەی هاوبەشییەکی گونجاوی بۆ هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراق دروست کردووە. ئەو هاوبەشییەش، عێراق بە هێز دەکات. بۆ پێشکەوتنی عێراق، زۆر گرنگە سیستەمی فیدراڵی بە کردەوە و بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت. نابێ باوەڕنەبوونی لایەنێک، یان چەند لایەنێک بە فیدراڵی، سیستەم لە عێراقدا پەک بخات و جێبەجێکردنی دەستوور بوەستێنێت.
هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان لە عێراق، دەبێ بە کردەوە خۆیان بە هاوبەش ببینن لە بەڕێوەبردنی عێراقدا. نابێ هیچ پێکهاتەیەکی عێراق نادیدە بگیرێت، چونکە ئەوە ڕێگەیەکی خراپ لە عێراقدا دەکاتەوە. ئەو ڕێگەیە پێشتر لە عێراق زۆر تاقیکراوەتەوە و مایەی ناخۆشی بووە بۆ هەموو خەڵکی وڵات.
بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراقى فیدراڵى محەممەد شیاع سوودانی، خاوەن ڕوانگەیەکی فراوانە و باوەڕێکی زۆری بە دەستووری عێراق هەیە. ئەو ڕوانگەیە سەقامگیرییەکی باشی لە بەڕێوەبردنی حکوومەتەكەیدا لە عێراق دروست کردووە. خەڵکی عێراق هەست بەو گۆڕانكارییانە دەکات. ئەو ڕوانگە و ئهو شێوە بەڕێوەبردنه، دەتوانێت عێراق بەرەو پێشەوە ببات، ئەوە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ عێراق.
بەڵام ئەم بیرکردنەوەیەی سەرۆک وەزیران، پێویستی بە پشتیوانی و زەمینەسازیی سیاسیی گونجاوە. لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئێستا لەژێر ئەو بەرپرسیاریهتییەدان کە پشتیوانی لە حکوومەتی عێراقى فیدراڵى بکەن. عێراق ئاسۆیەکی ڕووناکی هەیە ئەگەر دەستوور و سیستەمی فیدراڵی بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.
شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا گەورەترین تاقیکردنەوەیە بۆ سیستەمی سیاسیی تازەی عێراق. عێراقێکی بەهێز پەیوەستە بە هەبوونی هەرێمی کوردستانی بەهێزەوە، هەروەها هەرێمی کوردستانی بەهێزیش، پەیوەستە بە عێراقێکی فیدراڵ و سەقامگیر.
هیچ کێشەیەک نییە لە عێراقدا چارەسەر نەکرێت، ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرێت. دەستووری عێراق تایبەتمەندیی هەموو پێکهاتەکانی عێراق دەپارێزێت، بە جێبەجێکردنی دەستوور، هەمووان هاووڵاتیی پلە یەک دەبین لە عێراقدا.
بەڕێزان..
"کای کۆن بەباکردن"، قسەیەکی خۆش و پڕ واتاى سلێمانییه. ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئاڵۆزداین، چارەسەر ئەوەیە کای کۆن بەبا نەکەین. با لە جیاتی ئهوه لەسەر پێشکەوتن، ڕێککەوین. ئەگەر ڕێکنهکەوین، ئهو گرژیانهی ناوچهكەی گرتۆتەوە، زۆر زیانمان پێدەگەیهنێت.
پوختەی قسەی ناودڵی خەڵکی کوردستان، داواکردنی یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانە. جینۆساید و چەوساندنەوەی گەلی کوردستان، وایکردووە مێژوو یەک ئامانج بخاتە دڵی کوردەوە، ئەویش یەکبوونە. ئەوە ئاراستەی هەرە دروستە و نیشانەی ئەوپەڕی هۆشیاریی گەلی کوردستانە.
ئێمە بە دووبەرەکی ناوبانگێکی باشمان لە جیهان دروست نەکردووە، بەڵکو بە دیموکراسی و ئاوەدانی و سەقامگیری لەم ناوچەیەدا، ناوبانگمان دەرکردووە. هەر کەسێک بەر (30) ساڵ هاتبێتە کوردستان و ئەمڕۆ سەردانی كوردستان بکات، نایناسێتەوە. ئێمە دوای ئەنفال و کیمیاباران، ئەو ئاوەدانییەی كە دروستمان كردووە. ئێستا بە شارەزاییی زیاتر، دەتوانین پێشکەوتنەکە باشتر و خێراتر بکەین.
ئەم زانکۆیە و چەندان زانکۆی دیکە لە هەرێمی کوردستان، ئێستا نەوەیەکی زۆر بە توانا و ئاستبەرزیان پەروەردە كردووە. نەوەیەک لە کوردستان دروست بووە، هەموومان زۆر خۆشحاڵین بە ئاستی بەرز و هۆشیارییان. ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بە دروستکردنی زەمینەیەکی لەبار، دەرفەت بۆ ئەو نەوەیە دروست بکەن، کوردستان زۆر زیاتر پێشدەکەوێت.
هەندێک کەس لێم دەپرسن: بۆچی گەشبینم؟ لە ڕاستیدا، گەشبینیی من لە خۆڕاگری و فرەتواناییی خەڵکی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئێستاش دەڵێم: ڕابردووی ناخۆشمان هەبووە، بەڵام داهاتوویەکی پڕشنگدارمان لەپێشە.
گەلی کوردستان گەلێکی یەکگرتووە، پێویستە لایەنە سیاسییەکانیش وەک گەلەکەیان بۆ بەرژەوەندیی نیشتمان، ڕێکبکەون. بەو شێوەیە دەتوانین هەڵبژاردنێکی ڕوون و دادپەروەرانە بکەین، بە ڕەزامەندى و بە بهشداریى هەموو لایەنەکان.
پەرلەمانی کوردستان ئەزموونێکی زۆر گرنگه لە ناوچەکەدا، دەبێ بیپارێزین. حکوومەتی هەرێمی کوردستان وڵاتێکی دوای ئەنفال و کیمیاباران ئاوەدانکردۆتەوە، دەبێ هەموومان پشتیوانی لێ بکەین. پێشمەرگە قارەمانەكان ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند و بوونە مایەی ناوبانگێکی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان لە جیهاندا. ئەمانە هەموویان مایەی ئەوەن كە گەشبین بین و هەرچی زووترە لە ناوخۆماندا ڕێکبکەوین. بە ڕێککەوتنمان، ئاوەدانیی زیاتر و سەرکەوتنی زیاتر دەبینین.
هەموو کەس و کۆمەڵەیەک لە کوردستان دەکرێت ئەوپەڕی ڕەخنە و گلەیی هەبێت لە دەسەڵات و لە دەسەڵاتداران، دەکرێت بە هەموو ڕێگەیەكی مەدەنییانە ناڕەزایی دەرببڕێت، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێ هەموومان وێڕای هەموو جیاوازییەکان، شتێک بپاریزین و بەرگری لێبکەین و لەسەرووی هەموو شتێك بیهێلینەوە و کۆکەرەوەی هەموومانە، كۆكەرەوەی هەموومان دەبێت نیشتمان بێت.
هێز و حیزب و سەرکردە سیاسییەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام نیشتمان، وڵات، كوردستان هەر دەمێنێتەوە. نابێ کوردستان بکەینە قوربانیی تووڕەیی و ناڕەزایی لە دەسەڵات و سیاسییەکان. گەلی کوردستان سەلماندوویەتی توانای بەرگری هەموو سەختییەکانی و توانای ڕاستکردنەوەی هەموو کەموکوڕەکانیشی هەیە، لەبەرئەوە هەموو ناخۆشییەکان تێدەپەڕن و هەموو ناکۆکییەکان چارەسەر دەبن، چونکە لە کۆتاییدا بۆ چارەسەری، هەموومان پێکەوە لەسەر یەک مێز دادهنیشین، لەبەر ئەوەی کوردستان لە هەموومان گەورەترە، نیشتمان لە هەموو شتێكمان بەهێزترە.
بهڕێزان..
پێشكهوتنهكانى جیهان به جۆرێك خێران، بۆ ئهوهى پێیان ڕابگهین و له جیهانى پێشكهوتوو دانهبڕێن، دهبێ له عێراق و ههرێمى كوردستان كێشه و ئاڵۆزییهكان تێپهڕێنین. دهبێ توانا ماددى و مرۆیییهكانمان بۆ پێشخستنى زانست و زانین و تهكنهلۆژیا و بههێزكردنى سیستمى پهروهرده و برهودان به لێكۆڵینهوهى زانستى بخهینه گهڕ.
پێشكهوتنهكانى زانست و تهكنهلۆژیا و ئهو سوود و دهرفهت و ئاڵنگارى و مهترسیانهى زیرهكیى دهستكرد و نانۆ تهكنۆلۆژیا و گۆڕانى ئاووههوا لهگهڵ خۆیاندا دهیهێنێت، كار و ڕهنجى جددى و پلان و بهرنامهى درێژخایهنى لهسهر ئاستى تاك و دامهزراوهكان دهوێت.
دهبێ بیر و كار و توانامان بهو ئاقارهدا ئاراسته بكهین و بزانین داهاتوو بۆ ئهوانهیه كه كات و بیر و توانایان دهدهنه زانست و زانین، نهك بۆ ئهوانهى ههر له بازنهى ڕابردوودا دهخولێنهوه.
دڵنیام لەم دیدارەی سلێمانیدا، زانیاریی زیاتر و ئەزموونی زیاتر وەردەگرین بۆ ئەوەی ڕێککەوین و پێکەوە سەرکەوین.
زۆر سوپاسی هەموو لایەكتان دەكەم بۆ بەشداربوونتان و بە خێر بێن.
ئەم بابەتە 75901 جار خوێندراوەتەوە