نەخشەی گووگڵ دوای فەرمانەکەی ترامپ، کەندئاوی مەکسیک دەگۆڕێت بۆ کەندئاوی ئەمریکا
پەیامی کورد ... نەخشەی گووگڵ دوای فەرمانەکەی ترامپ، کەندئاوی مەکسیک دەگۆڕێت بۆ کەندئاوی ئەمریکا
دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی جێبەجێکردنی دەرکرد بۆ گۆڕینی ناوی کەندئاوی مەکسیک، گووگڵ ناوی کەندئاوەکەی گۆڕی بۆ کەندئاوی ئەمریکا بۆ بەکارهێنەرانی ئەمریکی.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئەلجەزیرە، کۆمپانیای گەورەی تەکنۆلۆژیا و زانیاری ئەمریکی، کە بنکەکەی لە کالیفۆرنیایە، ڕایگەیاندووە، پیشاندانی ناوی کەندئاوی مەکسیک لە ئەپەکانی دا بەندە بەو شوێنەی کە بەکارهێنەران بەکاری دەهێنن.
گووگڵ لە پۆستێکدا نووسیویەتی: ئەو بەکارهێنەرانەی کە نەخشەی گووگڵ لە ئەمریکا بەکاردەهێنن ناوی ئەو کەندئاوەی کە باسی لێوە دەکرێت وەک کەندئاوی ئەمریکا دەبینن، بەکارهێنەرانیش کە ئەپەکە لە مەکسیک بەکاردەهێنن ناوی کەندئاوی مەکسیک لەسەر نەخشەکە دەبینن. بەکارهێنەرانی تری دەرەوەی مەکسیک و ئەمریکا هەردوو ناوی (مەکسیک و ئەمریکا) لەسەر نەخشەکە دەبینن.
جگە لەوەش کۆمپانیای گووگڵ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (پێشتر تویتەر) ڕایگەیاندووە کە ناوی چیای دێنالی لە ئەلاسکاش دەگۆڕدرێت بۆ چیای مەکینلی، ئەمەش بەپێی فەرمانی ترامپ.
ترامپ فەرمانی خۆی بۆ گۆڕینی هەندێک لە ناوچە جوگرافییە ئامانجدارەکان بە ئامانجی گەڕاندنەوەی گەورەیی بۆ ئەمریکا خستەڕوو و دەست بەجێ لە ٢٠ی جانیوەری فەرمانی جێبەجێکردنی هاوتای دەرکرد.
ئەم هەنگاوەی گووگڵ کاردانەوەی ڕەخنەگرانەی بەشێک لە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتی لێکەوتەوە.
ئەم بابەتە 71 جار خوێندراوەتەوە