هه‌رێمى كوردستان و ئێران جه‌خت له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌

پەیامی کورد   ...   هه‌رێمى كوردستان و ئێران جه‌خت له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌

به‌یانی پێنجشه‌ممه‌ 2024/9/12، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، پێشوازی له‌ مه‌سعوود پزشكیان، سه‌رۆكى كۆمارى ئیسلامی ئێران و شاندى یاوه‌رى كرد.

پاشان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌ ئاماده‌بوونى مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، د. فوئاد حسێن جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و به‌رپرسانى باڵاى هه‌ردوولا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانه‌كه‌، یه‌كه‌م سه‌ردانى به‌ڕێز سه‌رۆكى كۆمارى ئیسلامی ئیرانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌ په‌یامێكى به‌هێزى دۆستایه‌تی نێوان هه‌ردوولا له‌ قه‌ڵه‌م دا.

به‌ڕێزیان خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و فراوانكردنى هاوكاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامی ئێران له‌ هه‌موو بواره‌كاندا نیشان دا‌، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ گه‌لى كوردستان هه‌میشه‌ به‌ ڕێز و پێزانینه‌وه‌ له‌ پشتگیرى و هاوكاری ئێران له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كاندا ده‌ڕوانێت.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك پزشكیان خۆشحاڵی خۆى به‌ سه‌ردانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ كۆمارى ئیسلامی ئێران به‌ بایه‌خ و گرینگییه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا ده‌ڕوانێت و ووڵاته‌كه‌ى خوازیاره‌ له‌ هه‌موو بواره‌كان په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵیاندا به‌ره‌وپێش ببات و گرفت و به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌مى، نه‌هێڵن.

هه‌ردوولا ستایشى په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ و له‌مێژینه‌ى ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له‌ بواره‌كانى سیاسى، كۆمه‌ڵایه‌تى و كولتووریدا كرد. پاشان به‌ڕێزان سه‌رۆك وه‌زیران و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، باسیان له‌ ئاستى ئێستاى په‌یوه‌ندی ئابوورى و ئاڵۆگۆڕى بازرگانى و چۆنیه‌تی فراوانكردنیان و بواره‌كانى هاوكاری هاوبه‌شى نێوانیان كرد.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هه‌ردوولا، تاوتوێ كران و باسیان له‌ گرینگی پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كه‌دا‌ كرد. له‌مباره‌یه‌وه‌ جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌رگیز نابێته‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئێران و ووڵاتانى دراوسێ و به‌ ته‌واوى پابه‌ندى‌ ڕێككه‌وتنى ئه‌منی عێراق و ئێرانه‌.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌ به‌شداریى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڕێز سه‌رۆكى كۆمارى ئیسلامی ئێران و شاندى یاوه‌رى، دیدارێكیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌یییه‌كانى كوردستان ئه‌نجام دا.

تیایدا باس له‌ بایه‌خ و گرینگی په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران و ده‌وڵه‌مه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ فره‌ئایین و فره‌نه‌ته‌وه‌كان كرا و هه‌ردوولا داكۆكییان له‌ ئاشتى، پێكه‌وه‌ژیان، ته‌بایى و برایه‌تی نێوان گه‌لانى ناوچه‌كه‌ و ته‌واوى پێكهاته‌كان كرده‌وه‌.


ئەم بابەتە 68227 جار خوێندراوەتەوە