هۆشداری ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆم سەبارەت بە چەكی ئەتۆمی ئێران
پەیامی کورد ... هۆشداری ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆم سەبارەت بە چەكی ئەتۆمی ئێران
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی هۆشداری دا سەبارەت بە توانا ئەتۆمییەکانی ئێران و دەڵێت، تاران هێندە بڕ لە یۆرانیۆمی پیتاندووە کە دەتوانێت لە ماوەی "چەند ڕۆژێکدا" چەکێکی ئەتۆمی درووست بکات.
ڕۆژی هەینی ١٦ی جۆزەردان، ڕافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆم لە چاوپێکەتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی فاینانشناڵ تایمزی بەریتانی، جەختی لە گرینگی دەستپێکردنی بەپەلەی دیپلۆماسی لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران کردەوە.
گرۆسی ووتی، ئێران بە ڕێژەی ٦٠% یۆرانیۆمی پیتاندووە، کە ئاستێکی نزیکە لەوەی بتوانێت چەکی ئەتۆمی درووست بکات.
لە کاتێکدا تاران جەخت دەکاتەوە کە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانەیە، سەرۆکی ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا کە نەبوونی هاوئاهەنگی لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو، توانای ئاژانسەکەی بۆ چاودێریکردنی پڕۆگرامەکە کەمکردووەتەوە.
گرۆسی ووتی، "ئەمە بەو مانایە نییە کە بۆمبیان هەیە، بەڵام بەو مانایەیە کە ئەگەر بیانەوێت، دەتوانن زۆر بە خێرایی بەرەو درووستکردنی بۆمبێک هەنگاو بنێن."
لەو کاتەوەی ئێران پشکنینەکانی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی سنووردار کردووە و ئامێرە سەرەکییەکانی چاودێریکردنی پڕۆسەکەی داخستووە، ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆم ڕووبەڕووی كێشەی زیاتر لە چاودێریکردنی پرۆگرامەکە بووەتەوە.
گرۆسی ئاستی ئێستای چاودێریکردنی پرۆگرامەکەی بە "زۆر زۆر سنووردار" ناوبرد، ئەوەش نیگەرانی لای زلهێزە ڕۆژئاواییەکان درووست کردووە، کە ڕەنگە ئامانجە ئەتۆمییەکانی ئەو ووڵاتە بەرەو لایەنی سەربازی بگۆڕدرێن.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە كە ئیسرائیل و ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی جێگەی قبووڵ کردن نییە.
گرۆسی هۆشداری دا، نابێت بە شێوەیەک بیر بکرێتەوە کە کات لە بەرژەوەندی کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتییە و ووتی، "ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو توانای خۆی بەرەوپێش بردووە. دەرچەی دیپلۆماسی هێشتا کراوەیە، بەڵام ووردە ووردە بچووک دەبێتەوە."
بڕیارە ئەنجوومەنی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی لە کۆتایی ئەم مانگەدا بۆ تاوتوێکردنی ئاستی پابەندبوونی ئێران كۆببێتەوە.
مەرجی ئەمریکا بۆ ڕێكکەوتن لەگەڵ ئێران، نەبوونی چەکی ئەتۆمی و توانای پیتاندنی یۆرانیۆمە. بەرپرسانی تارانیش ڕەتی دەکەنەوە دەست بەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببن.
ڕۆژی پێنجشەممە، عەلی خامنەیی ڕایگەیاند، وازهێنان لە پیتاندنی یۆرانیۆم ١٠٠% دژی بەرژەوەندییەکانی ووڵاتەکەیەتی.
ئەم بابەتە 19 جار خوێندراوەتەوە