هۆشداری تووندی ئیسرائیل بە گرووپی حیزبۆڵڵا: "سەری مار پان دەكەینەوە"
پەیامی کورد ... هۆشداری تووندی ئیسرائیل بە گرووپی حیزبۆڵڵا: "سەری مار پان دەكەینەوە".
ئیسڕائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لەکاتی سەردانیکردنی پێگە سەربازییەکانی ئەو ووڵاتە لە باشووری لوبنان، هۆشدارییەکی جیددی بە حیزبۆڵڵای لوبنان دا و خوازیاری ئەوە بوو ئەو گرووپە تیرۆریستییە پابەندی ئاگربەست بێ.
ئەو بە زمانێكی پتەوەوە ڕایگەیاند: چزووی مارەکەمان نەهێشتووە، بەڵام ئەگەر حیزبۆڵڵا لە ڕووباری لیتانی نەکشێتەوە و ئاگربەست پێشێل بكات، سەری پان دەكەینەوە.
کاتز هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل هەرگیز ڕێگە بە حیزبۆڵڵا نادات بگەڕێنەوە گوندەکانی باشووری لوبنان و ژێرخانی سەربازی خۆیان کە مەترسییە بۆ سەر ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل بونیات بنێنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکوومەتی ئیسرائیل پابەندە بە نەهێشتنی تەواوەتی هەڕەشەکان و گەڕانەوەی سەلامەتی هاووڵاتییانی باکوور بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
لەگەڵ ڕووخانی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبۆڵڵا، دانی بەوەدانا کە ئەم گرووپە تیرۆریستییە گرینگترین سەرچاوەی چەکی خۆی لەدەست داوە.
ئەم بابەتە 74 جار خوێندراوەتەوە