هۆڵەندا سێ کەشتی هەڵگری سیستەمی دژە فڕۆکەی پاترییۆتی نارد بۆ ئۆکراین
پەیامی کورد ... هۆڵەندا سێ کەشتی هەڵگری سیستەمی دژە فڕۆکەی پاترییۆتی نارد بۆ ئۆکراین
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین ڕایگەیاند، بەم نزیکانە ووڵاتەکەی یەکەیەکی دیکەی سیستەمی بەرگری مووشەکی پاترییۆت وەردەگرێت.
زێلێنسکی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم یەکەیەی سیستەمی دژە فڕۆکەی پاترییۆت بڕیارە لەلایەن هۆڵەندا بۆ ئۆکراین دابین بکرێت.
سەرۆکی ئۆکراین لە ووتارێکی ڤیدیۆیی کە درەنگانی ڕۆژی سێشەممە لە کەناڵی تێلێگرامی خۆی بڵاوی کردەوە، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ هەواڵێکی زۆر گرینگمان لە مارک ڕووت، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا پێگەیشت". "سیستەمێکی تری مووشەکی پاتریۆت بۆ ئۆکرانیا دابین دەکرێت".
سەرۆکی ئۆکراین زیادی کرد: بەم شێوەیە لە ئێستادا سێ سیستەمی مووشەکی پاترییۆتمان لەبەردەستدایە. بەڵام ئەمە تەنها سەرەتایەکە. "ئێمە کار لەسەر چارەسەری نوێ دەکەین بۆ بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانیمان".
مارک ڕووت، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا پێشتر ڕایگەیاندبوو، ووڵاتەکەی بەشداری لە پرۆژەی دابینکردنی سیستەمی مووشەکی پاترییۆت بۆ ئۆکراین بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دەکات. پێشتر حکومەتی ئەمریکا و ئاڵمانیا ئامادەیی خۆیان بۆ دابینکردنی ئەو جۆرە سیستەمە بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاندبوو.
پاترییۆت سیستەمێکی مووشەکی ڕووکار بۆ ئاسمانە و لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لەلایەن ئەمریکاوە بەکارهێنراوە. سیستەمی پاتریۆت کە لەلایەن کۆمپانیای Raytheon بەرهەم هێنراوە، دەتوانێت فڕۆکە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، مووشەکی کرووز، مووشەکی مەودای کورت و مەودای مامناوەند بکاتە ئامانج. یەکەیەکی پاتریۆت لە پێنج بۆ هەشت یەکەی مۆبایل پێکدێت. ئەم سیستەمە دژە فڕۆکەیە دەتوانێت کۆنتێنەری هەڵدانی مووشەک بۆ ٤ یان ١٦ مووشەک هەڵبگرێت بەپێی شوێنی تەقەکردنەکە.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا سوپای ڕووسیا ستراتیژی و تاکتیکی خۆی لە بەرەکانی شەڕدا گۆڕیوە و بە هێرشی بەرفراوانی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ژێرخانی ئۆکراین بۆردومان دەکات. هێرشە مووشەکییە بەرفراوانەکانی سوپای ڕووسیا بۆسەر ژێرخانی سەرەکی ئۆکراین لە شارە جیاجیاکان دوای تەقینەوەی پردی کریمە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد و بە وتەی سەرۆکی ئۆکراین ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا نزیکەی ٤٠% ژێرخانی ووزەی ئۆکراین لەناوچووە.
دوای هێرشە مووشەکییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا چەندین جار داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا و ئەورووپا کرد کە سیستەمی بەرگری پێشکەوتوو بۆ ئەو ووڵاتە دابین بکەن. لە کۆتایی دا، چوارشەممەی ڕابردوو، ڕۆژنامەی واشینتۆن پۆست ڕایگەیاند کە حکومەتی ئەمریکا بڕیارە سیستەمی دژە مووشەکی پاتریۆت بۆ ئۆکرانیا دابین بکات. سەرچاوەکان بە ڕۆژنامەی واشینتۆن پۆستیان ڕاگەیاندووە، هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی ووڵاتی سێیەم، کە ئەگەری هەیە ئاڵمانیا، مەشق و ڕاهێنان بە ئۆکراینییەکان دەکەن سەبارەت بە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو سیستەمە.
بەگوێرەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، "کاتێکی کەمی دەوێت، بەڵام سەربازانی ئۆکراین دوای ئەم خولە مەشق و ڕاهێنانە دەگەڕێنەوە ئۆکراین بۆ کارپێکردنی سیستەمی پاترییۆت". بەڵام ئەو بەرپرسە ئەمریکییە جەختی لەوە کردەوە کە "بەدووری نازانرێت ئەم سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییە پێش بەهار بگاتە ئۆکراین ".
ئەم بابەتە 103 جار خوێندراوەتەوە