هێزی کرێکارانی کوردستان ئاگربەستی ڕاگەیاند
پەیامی کورد ... هێزی کرێکارانی کوردستان ئاگربەستی ڕاگەیاند
کۆمیتەی جێبەجێکاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ووڵامی پەیامەکەی عەبدۆڵلا ئۆجالان، ئاگربەستی ڕاگەیاند و جەخت دەکاتەوە، تا ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەریان هیچ چالاکییەکی چەکداریان نابێت. ئازادکردنی ئۆجالان یشیان کردووەتە مەرجی بەستنی کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.
میدیاکانی سەر بە هێزی کرێکارانی کوردستان " پەکەکە " ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکەیان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە" پەیامەکەی سەرۆک عەبدۆڵڵا ئۆجالان، ڕێگای هەموو هێزەکانی ئازادی و دێموکراسی ڕوون دەکاتەوە و مانیفێستێکی سەردەمیانەیە و گرینگه ناوەرۆکەکەی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت، هەربۆیە پێویستە هەموو کەسێک ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکانی خۆی بەجێ بگەێنێت.
هێزی کرێکارانی کوردستان جەخت دەکاتەوە، کە ڕاستەوخۆ بە ناوەرۆکی بانگەوازەکە پابەند دەبن و کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی، بەڵام بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەبێت مەرجەکانی سیاسەتی دێموکراسی و زەمینەی یاسایی دابین بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەێندراوەکەی کۆمیتەی جێبەجێکاری پەکەکەدا هاتووە "لەمەودوا ئاگربەست ڕادەگەێنین بۆ ئەوەی داوای ئاشتی و کۆمەڵگایەکی دێموکراتی بکەین تا ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ناکات".
هەروەها ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ بەستنی کۆنگرە و ئاماژەیداوە، ئامادەین کۆنگرە بکەین، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە دەبێت هەلومەرجی گونجاو دابین بکرێت و بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە پێویستە سەرۆک عەبدۆڵڵا ئۆجەلان خۆی کۆنگرە بەڕێوە ببات.
ئەم بابەتە 71 جار خوێندراوەتەوە