هێمن هەورامی : پارتی 86 هەزار و 775 دەنگی بەدەستهێناوە

پەیامی کورد   ...   هێمن هەورامی : پارتی 86 هەزار و 775 دەنگی بەدەستهێناوە

هێمن هه‌ورامی، سه‌رپه‌رشتیاری لیژنەی باڵای سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سوپاسی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كرد كه‌ به‌شدارییان له‌ ده‌نگدانی تایبه‌ت دا كردوو و دووباره‌ متمانه‌یان به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان دایه‌وه‌. 

ئێواره‌ی شه‌ممه‌، 19ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، هێمن هه‌ورامی، سه‌رپه‌رشتیاری لیژنەی باڵای سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، له‌ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سوپاسی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كرد كه‌ به‌ ده‌نگه‌كانیان متمانه‌یان به‌ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دایه‌وه‌ و مایه‌ی شانازی پارتییه‌وه‌ دووباره‌ ئه‌و متمانه‌پێدانه‌وه‌یه‌.

هه‌ورامی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ هه‌ڵبژاردنی تایبه‌تدا 215 هه‌زار و 960 ده‌نگده‌ر مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه‌ و له‌ 165 بنكه‌ی ده‌نگداندا واته‌ له‌ 749 وێستگه‌ ده‌نگیان داوه‌.

سه‌رپه‌رشتیاری لیژنەی باڵای سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ووتیشی : له‌ ڕێگه‌ی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنه‌كانمانه‌وه‌ و به‌ شێوه‌ی سیسته‌می دیجیتاڵی 165 چاودێرمان بۆ هه‌ر 165 بنكه‌كه‌ی ده‌نگدان داناوه‌ و هاوكات 749 بریكارمان له‌ ته‌واوی وێستگه‌كان هه‌بووه‌ و به‌ شێوه‌ی دیجیتاڵییه‌وه‌ سه‌رجه‌م  زانیارییه‌كانی ناو شریته‌كانی ده‌نگدانمان بۆ مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردن گواستووه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ كرد، به‌ پشت به‌ستن به‌ شریتی زانیارییه‌كانی ده‌نگدانی تایبه‌ت، له‌و 215 هه‌زار و 960 ده‌نگده‌ر مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه‌، ده‌نگی درووست 179 هه‌زار و 326 ده‌نگ بووه‌، 21 هه‌زار و 131 ده‌نگی پووچه‌ڵ هه‌بووه‌. هاوكات له‌ كۆی ئه‌و ده‌نگه‌ درووستتانه‌ی دراون، پارتی دیموكراتی كوردستان 86 هه‌زار و 775 ده‌نگی به‌ ده‌ست هێناوه‌، ئه‌مه‌ش به‌ به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2018ـی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان 24 هه‌زار ده‌نگ له‌ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان زیادی كردووه‌.

هه‌ورامی هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ته‌نیا 50 هه‌زار و 776 ده‌نگی له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تدا به‌ ده‌ست هێناوه‌، واته‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ 36 هه‌زار ده‌نگ له‌ پێش یه‌كێتییه‌وه‌یه‌. هاوكات نه‌وه‌ی نوێ 11 هه‌زار و 778 ده‌نگی به‌ ده‌ست هێناوه‌، یه‌كگرتووی ئیسلامی 3 هه‌زار و 18 ده‌نگ، به‌ره‌ی گه‌ل 2 هه‌زار و 51 ده‌نگ، كۆمه‌ڵی دادگه‌ری 2 هه‌زار و 365 ده‌نگ، به‌ره‌ی هه‌ڵوێست 2 هه‌زار و 448 ده‌نگ، گۆڕان 585ـی ده‌نگی به‌ ده‌ست هێناوه‌. 

هێمن هه‌ورامی داواشی له‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كرد سبه‌ی له‌ پرۆسه‌یه‌كی زۆر فراوان دا به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان پارێزراو و له‌ ده‌ستێكی ئه‌مین دا بێت و به‌ ئارامی و ئاوه‌دانی بمێنێته‌وه‌، ده‌نگ به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بده‌ن.

ڕوونیشی كرده‌وه‌، پارتی به‌رانبه‌ر هه‌ر پێشێلكارییه‌ك ڕێكاری یاسایی ده‌گرێته‌ به‌ر و ئه‌وه‌ی ده‌سته‌به‌ری شه‌فافیه‌تی هه‌ڵبژاردنیش ده‌كات، بریتییه‌ له‌ ئاماده‌بوونی بریكارانی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ بنكه‌كانی ده‌نگدان. به‌ پێویستیشی زانی كۆمیسیۆن به‌رانبه‌ر به‌ ڕێكاره‌كانی خۆی جیددیتر بێت. سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشا، كۆمیسیۆن نه‌یتوانی به‌رانبه‌ر به‌ پێشێلكارییه‌كان كه‌ له‌ هه‌ندێك بنكه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ كرابوو، ڕێگر بێت.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان نوێنه‌ری له‌ ته‌واوی بنكه‌ و وێستگه‌كانی ده‌نگداندا ده‌بێت به‌ سیسته‌می دیجیتاڵی سه‌رجه‌م زانیاریی شریته‌كانی ده‌نگدان ده‌گوازنه‌وه‌ مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردن. 

تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش، كه‌ پێویسته‌ ژماردنی ده‌ستی بۆ ده‌نگه‌كان بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان هاوتا بكرێته‌وه‌. 


ئەم بابەتە 13015 جار خوێندراوەتەوە