هەردوو ئەنجومەنی ئابووری فیدراڵ و هەرێم کۆبوونەوە و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە

پەیامی کورد   ...   هەردوو ئەنجومەنی ئابووری فیدراڵ و هەرێم کۆبوونەوە و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە 9/8، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر دەستی پێکرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کرا و جەخت لە ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکوومەت وێڕای بەخێرهێنانی شاندی باڵای حکوومەتی فیدراڵ بۆ هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر خواست و ویستی چارەسەر هەبێت، چارەکردنی کێشەکان ئاسانە و پێویستە ڕێزگرتن لە دەستوور و ڕێککەوتنەکان بنەما بێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکان.

سەرۆکی حکوومەت هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەشەکانی عێراق بکات و حکوومەتی هەموو ناوچە و پارێزگاکان بێت، وەک چۆن داکۆکی لە مافی هاووڵاتییانی بەسرا و بەغدا دەکات، بە هەمان شێوە پێویستە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بکات.

دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستووریییە و دەبێ ڕێز لە قەوارەی فیدراڵی هەرێم بگیرێت و لەم چوارچێوەیەدا ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.

جێگری سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری هاوڕابوو لەسەر گرینگی و پێویستی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور. ووتیشی هاتنی ئەم شاندە باڵایەش بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانە.

دواتر لیژنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا، بە جیا لەسەر تەوەرەکان کۆبوونەوە و گفتوگۆی بەرفراوانیان کرد و کۆبوونەوەکانیش لە کەشێکی ئەرینێیدا بەڕێوەچوون، کە تێیدا بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە بیروڕا لەبارەی چارەسەکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور ئاڵوگۆڕ کرا و بڕیارە کۆبووەنەوەکانیش بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بن.


ئەم بابەتە 74606 جار خوێندراوەتەوە