هەرێمی كوردستان ڕێككەوتنێكی سەربازی لەگەڵ ئاڵمانیا واژوو كرد
پەیامی کورد ... هەرێمی كوردستان ڕێككەوتنێكی سەربازی لەگەڵ ئاڵمانیا واژوو كرد
وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاڵمانیا لە هەرێمی كوردستان، ڕێككەوتننامەی بەرزكردنەوەی توانا و پاڵپشتی ووڵاتەكەیان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە واژوو كرد.
چوارشهممه، 3ی تەمووزی 2024، وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی گشتی هێزەکانی ئاڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، ڕێكکەوتننامەیەکیان بۆ پڕۆژەکانی بەرزکردنەوەی توانا و پاڵپشتیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە واژوو کرد. بەمەش حکوومەتی ئاڵمانیا هاوکاری زیاتر لە چەند بوارێکدا پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگە دەکات.
وەک لە ڕاگەێندراوەكەدا هاتووە: وەزیری پێشمەرگە لهبارەی ڕێكکەوتننامەکەوه دەڵێ: ئەمە دەبێتە دەستکەوتێكی پێویست و پشتیوانییەکی گرینگ و گەورەی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ گەشەپێدانی توانای سەربازی و بەرەوپێشبردنی گشت بەش و یەکە کارگێڕی و سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستا و ئاییندەدا.
ئەم ڕێككەوتنە لە ئاكامی دیدارێكی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە بوو لەگەڵ کلاوس دیتەر شترایشەر، کونسوولی گشتی ئاڵمانیا و کۆلۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی، فەرماندەی هێزەکانی ئاڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی یاوەریان و سەرەتا وەزیری پێشمەرگە باسی لە پرۆسەی چاکسازی و دۆخی سیاسی و سەربازی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سەربازی ئاڵمانیا کرد.
کونسوولی گشتی ئاڵمانیا، دڵخۆشی خۆی لە بەرەوپێش چوونی کارەکانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشـمەرگە دهربڕى، هەروەها لەبارەی واژووکردنی لێكتێگەیشتنهكهوه ووتی: حکوومەتی ئاڵمانیا بە ئەرکی خۆی دەزانێت پاڵپشتی وەزارەتی پێشمەرگە بکات و هاوکارتان دەبین لە پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گەشەپێدانی زیاتری توانای سەربازی هێزی پێشمەرگە.
ئەم بابەتە 24966 جار خوێندراوەتەوە