هەر سێ ووڵاتی عێراق - ئێران - سووریا بە هاوبەشی سەبارەت بە گۆڕانکارییە خێراکانی سووریا بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە
پەیامی کورد ... هەر سێ ووڵاتی عێراق - ئێران - سووریا بە هاوبەشی سەبارەت بە گۆڕانکارییە خێراکانی سووریا بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە
وەزیرانی دەرەوەی عێراق، ئێران و سووریا ڕایانگەیاند کە “هەڕەشە لە سەر ئاسایشی سووریا مەترسییەکی گشتییە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە”.
ڕۆژی هەینی، بەغدای پایتەخت میوانداری کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی کرد لە نێوان وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن و هاوتاکانی لە ئێران عەباس عێراقچی و بەسام سەباغ وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سووریا.
وەزیرەکان لە ڕاگەێندراوێکی هاوبەشدا دوای کۆبوونەوەکەیان جەختیان کردەوە کە “هیچ بژاردەیەک نییە جگە لە هەماهەنگی، هاوکاری و ڕاوێژی دیپلۆماسی بۆ “دوورخستنەوەی مەترسییەکان”.
وەزیرەکان پێداگرییان لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە سەروەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی و سەقامگیری سووریا کردەوە.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند : “لە کۆبوونەوەکەماندا بە وردی باسی دۆخی سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر ووڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی عێراق، کرا.”
“داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە کۆمکاری عەرەبی لە ئاستی نوێنهرانی ههمیشهیی دەکەین و هەموو ڕێگا دیپلۆماسییەکان دەگرینەبەر بۆ گەیشتن بە هێورکردنەوەی دۆخی سووریا.”
“پەیوەندیمان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، سەعوودیە، ئیمارات، میسر و ئوردن کردووە و پێکەوە کار دەکەین بۆ هەماهەنگی لەم بارەیەوە.”
هەروەها فوئاد حسێن ڕایگەیاند کە بەغدا هەوڵ دەدات “کۆبوونەوەیەک” لەسەر خاکی خۆی “بۆ ژمارەیەک لە ووڵاتان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی سووریا” ببەستێت، ئاماژەی بەوەش دا کە بەشێک لەم ووڵاتانە “ئەندامن لە ڕێکەوتننامەی ئاستانە”.
فوئاد حسێن ووتیشی : “پەیوەندیمان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، ئیمارات، سەعوودیە، میسر، ئوردن و وڵاتانی ئەوروپی کردووە و بەردەوام دەبین لەم پەیوەندییانە.”
لەلایەکی ترەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی جەختی کردەوە کە تاران بە هەموو توانایەوە بەردەوام دەبێت لە پشتگیری سووریا.
عێراقچی وتیشی کە ووڵاتانی ناوچەکە دەبێت بەرگری لە ئاسایشی ووڵاتانی دراوسێ بکەن ئەگەر دەیانەوێت بەرگری لە ئاسایشی خۆیان بکەن.
وەزیری دەرەوەی سووریاش ڕایگەیاند “ئەوەی ئێستا لە سووریا ڕوودەدات بەرهەمی دەستێوەردانی نێودەوڵەتی و هەرێمییە کە ئامانجی دابەش کردنێکی نوێی ناوچەکە و دووبارە نەخشەکێشانەوەی نەخشەی سیاسی بەپێی ئەجێندای دوژمنکارانەیە”.
سەباغ جەختی کردەوە کە “سوپای سووریا هێشتا ئەرکی نیشتمانی خۆی جێبەجێ دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشی تیرۆریستان”.
ئاماژەی بەوەش دا کە “سوپای سووریا لە هەندێک شوێن پاشەکشەی کردووە بۆ تاکتیکی جەنگی و گورزی گەورەمان لە تیرۆرستانی تەحریر شام داوە”.
لە 27ی تشرینی دووەمی مانگی ڕابردوودا، پێکدادان لە نێوان گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی چەکدار و سوپای سووریا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای حەلەب لە باکووری سووریا هەڵگیرسا.
گرووپەکان توانیان لە 30ی تشرینی دووەم کۆنترۆڵی ناوەندی شاری حەلەب و هەموو پارێزگای ئیدلیب لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا بگرنە دەست.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی ٥ شەممە گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن توانیان پارێزگای حەما لە ناوەڕاستی سووریا کۆنترۆڵ بکەن، دوای پێکدادانی تووند لە نێوان چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن و سوپای سووریا.
ئەم بابەتە 68 جار خوێندراوەتەوە