هەناردە کردنی نەوتی ئێران سەرەڕای گەمارۆکان ڕووی لە زیادبوون کردووە !

پەیامی کورد   ...   هەناردە کردنی نەوتی ئێران سەرەڕای گەمارۆکان ڕووی لە زیادبوون کردووە !

بە پێی داتاکانی ڕێکخراوی ناحکوومی ئەمریكی "هاوپەیمانی دژ بە ئێرانی ئەتۆمی"ی بۆ ساڵی ٢٠٢٤، کۆماری ئیسلامی سەرەڕای گەمارۆوەکانی ئەمریکا توانیویەتی هەناردەی نەوتی خۆی بپارێزێت و تەنانەت زیادی بکات. ئەم ڕاپۆرتە نیشان دەدات کە ئێران سوودی لە کەمبوونەوەی بەرهەمی ئۆپێک+ و لاوازی جێبەجێکردنی گەمارۆوەکان وەرگرتووە.

ئەم ڕێکخراوە ڕایگەیاند کە هەناردەی نەوتی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتووەتە ٥٨٧ ملیۆن بەرمیل کە بە بەراورد بە ٥٣٠ ملیۆن بەرمیل لە ساڵی ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ١٠.٧٥% زیادی کردووە. هەروەها لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە سەرەتای ئیدارەی جۆ بایدن ەوە، ئێران نزیکەی ملیارێک و ٩٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە.

چین وەک گەورەترین هاوردەکاری نەوتی ئێران بۆ ساڵی شەشەم لەسەریەک، 533 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ئێران کڕیوە کە لە ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی 24% زیاترە لە 431 ملیۆن بەرمیل. ئێستا ئەم ووڵاتە 91%ی کۆی هەناردەی نەوتی ئێران پێکدەهێنێت کە ئەمەش بە بەراورد بە 83% لە ساڵی 2023دا زیادبوونێکی بەرچاوە.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گەمارۆوەکان و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پەیوەست بە ڕۆڵی کەشتییە دەرەکییەکان لە هەناردەکردنی نەوتدا کراوە. هاوپەیمانی دژی ئێرانی ئەتۆمی پێشنیاری بەهێزکردنی هاوکاری جیهانی و ستراتیژی داهێنەرانە بۆ پەکخستنی ڕەوتی نەوتی نایاسایی بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتن بە خواستە ئەتۆمییەکانی ئێران کردووە.


ئەم بابەتە 76 جار خوێندراوەتەوە