هەواڵگری پاکستان : لە ئامانجی هێرشێکی چەکداری ١٦ سەربازی ئەو ووڵاتە کوژران و ٥ کەسی دیکەش بریندار بوون

پەیامی کورد   ...   هەواڵگری پاکستان : لە ئامانجی هێرشێکی چەکداری ١٦ سەربازی ئەو ووڵاتە کوژران و ٥ کەسی دیکەش بریندار بوون

بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری پاکستان ڕایگەیاند، نزیکەی 30 چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر پێگەیەکی سوپا لە ئەنجامدا 16 سەربازی ووڵاتەكە كوژران و ٥ی دیکەش بە سەختی برینداربوون، هەروەها تاڵیبانی پاکستان بەرپرسیارییەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.

بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری پاکستان،  شەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی-ی فەڕەنسی وتووە، نزیکەی 30 چەکدار هێرشیان کردوەتە سەر پێگەیەکی سوپا لە ناوچەی ماکین لە پارێزگای خەیبەر پەختوونخوای سنووری ئەفغانستان.

ئاماژەی بەوەش كردوە، هێرشەكە لە درەنگانی شەودا ئەنجام دراوە و دوای دوو كاتژمێر لە شەڕ و پێكدادان،  16 سەربازی پاكستان کوژراون و پێنجی دیکەش بە سەختی برینداربوون

ئەوە بەرپرسەی پاكستان باسی لەوەش كرد، شوێنێکی هێرشەكە نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە سنووری ئەفغانستانەوە دوورە و هێرشبەرەکان بەڵگەنامە و ئامێری پەیوەندی و کەرەستەی دیکەیان سووتاندوە.

دوای هێرشەكە گرووپی تاڵیبانی پاكستان بەرپرسیارییەتی هێرشەكەی لە ئەستۆ گرت و ڕایگەیاند، چەكدارەكانی ئەوان ئەو هێرشەیان ئەنجامداوە. 

ئەوە لەكاتێكدایە، زۆرجار پاکستان شایەتحاڵی ئەو هێرشانەیە کە لەلایەن تاڵیبانی پاکستان ییەوە ئەنجام دەدرێت، ئیسلام ئاباد حکوومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان بەوە تۆمەتبار دەکات كە ڕێگەی بە چەکدارەکان داوە لەو ووڵاتەكەدا مەشق و ڕاهێنان بكەن و هێرشەكان لە خاكی ئەوانەوە ئەنجام بدەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لە مانگی (تەمموز/7)ی ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی شەش هەزار و 500 چەکداری تاڵیبانی پاکستانی لە ئەفغانستان هەن و "دەسەڵاتدارانی تاڵیبان ئەوان بە گرووپێکی تیرۆریستی نازانن و پاڵپشتییان دەکەن بە دابینکردنی چەک و ڕێگەدان ڕاهێنان".


ئەم بابەتە 100 جار خوێندراوەتەوە