هەڵمەتێک لە مزگەوتەکانەوە دەست پێدەکات

پەیامی کورد   ...   هەڵمەتێک لە مزگەوتەکانەوە دەست پێدەکات

شاندێکی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لەسەر پرسی کۆچی نایاسایی، لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەماهەنگی و کاری هاوبەش دەکەن.

سروە ڕەسووڵ، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و شاندێکی یاوەری، لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لەگەڵ عەبدۆڵڵا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی ھەرێمی کوردستان،  بەشیر حەداد سەرۆکی بۆردی باڵای ووتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف، فارس جەوهەر بەرێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ئەوقاف، جەلال خەیلانی، جێگری سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان و ئەمیر عوسمان بەرێوبەری پێکەوەژیانی ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف، کۆبوونەوە.

بەپێی ڕاگەێندراوی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان،  لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هەماهەنگی بەردەوام لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی ئەوقاف کراوە، بەتایبەت پرسی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لەو مەترسیانەی کە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، لەگەڵ پرسی کۆچی نایاسایی.

سروە ڕەسووڵ لە کۆبوونەوەکەدا  باسی هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد تایبەت بە کەمکردنەوەی دیاردەی کۆچ و هێنانی چەندین سیستەمی نێودەوڵەتی بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و چۆنیەتی سوودبینین لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی.

بەپێی ڕاگەێندراوەکە، بەشیر حەداد و  عەبدۆڵڵا وەیسی، پشتیوانیی وەزارەتەکەیان بۆ پرسی کۆچی نایاسایی دووپات کردەوه، هاوکات بەفەرمی بڕیاردرا بەشێک لە وتاری ڕۆژی هەینی تایبەت بکرێت بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی و لێکەوتەکانی لە ڕوانگەی  شەرع و ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا.

بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان سوپاسی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کرد لە بەرامبەر پشتیوانییەکانیان، هاوکات بڕیاردرا  کە لە نزیکەوە هەردوولا لەگەڵ یەکتر کار بکەن لەو بابەتانەی پەیوەستن بە بەرژەوەندی هاووڵاتیان.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا لەگەڵ چەند وەزارەتێکی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کار بۆ فراوانکردنی هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە لە چوارچێوەی سەنتەری ڕاوێژکاری کۆچ وەک پرۆگرامێکی گرینگی کابینەی نۆیەم بکەن کە هێندراوەتە هەرێمی کوردستان تاوەکو خزمەتی هاووڵاتیانی پێ بکرێت.


ئەم بابەتە 18588 جار خوێندراوەتەوە