ووتەبێژی وەزارەتی کشت و کاڵ : ھەرێمی کوردستان و ئیسپانیا لەبواری کشتوکاڵ ھەماھەنگی دەکەن

پەیامی کورد   ...   ووتەبێژی وەزارەتی کشت و کاڵ : ھەرێمی کوردستان و ئیسپانیا لەبواری کشتوکاڵ ھەماھەنگی دەکەن

شاندی ژمارەیەک وەزارەت و دەستەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بازرگان و وەبەرھێنەرانی ووڵاتی ئیسپانیا کۆبوونەوە، ووتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵیش ڕایدەگەێنێت : دەمانەوێ سوود لە ئەزموونی ئیسپانیا وەربگرین و دەرفەت دەدرێتە وەبەرھێنەر و بازرگانانی ئیسپانیا بێنە کوردستان.

  ھیوا عەلی، ووتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند : ئەمڕۆ وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی و دەستەی وەبەرھێنان لەگەڵ شاندی بازرگانان و وەبەرھێنەرانی ووڵاتی ئیسپانیا کۆبوونەوە، مەبەست لەو کۆبوونەوەیەی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بازرگان و وەبەرھێنەرانی ئیسپانیا ئالۆگۆڕی پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئیسپانیا بوو بەتایبەتی ئەو پەیوەندیانەی لەم کابینەیەدا ئەنجام دراون لەگەڵ ووڵاتان، بازرگان و وەبەرھێنەرانی ئیسپانیا بۆ چەند ڕۆژێک لە ھەرێمی کوردستان دەمێننەوە بە مەبەستی ھەماھەنگی لە نێوان بازرگانانی ھەرێم و ئیسپانیا لە بوارەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی.

ووتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت: ھەرێمی کوردستان دەیەوێ سوود لە ئەزموونی ئیسپانیا وەربگرێت و دەرفەتەکانی وەبەرھێنان لەبوارەکانی پیشەسازی و بازرگانی و کشتوکاڵ بڕەخسێنێ تا کۆمپانیا و وەبەرھێنەرانی ووڵاتی ئیسپانیا ڕۆڵیان ھەبێت لە ھەرێمی کوردستان.

ھیوا عەلی ئاماژەی بەوە کرد : ئێمە سوودی دیکەش لەو پەیوەندییانە دەبینین، لەوانە کردنەوەی دەرگای ووڵاتی ئیسپانیا و ووڵاتانی دیکەی ئەورووپا بۆ ئەوەی بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بچێتە بازاڕەکانی جیھان، ئێمە وەک وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی خۆمان ھەیە لە بواری وەبەرھێنان، بە تایبەتی دەمانەوێ لە ھەندێ بواری وەک شیرەمەنی و سەنتەرەکانی پەرەپێدان سوود لە ئەزموونی ئیسپانیا وەربگرین، زۆر ووڵات ھاوکار و پاڵپشتن بۆ کەرتی کشتوکاڵ، بە تایبەتی بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ و بەزانستیکردنی کەرتی کشتوکاڵ.


ئەم بابەتە 11544 جار خوێندراوەتەوە