ووتەبێژی پارتی : پارتیمان بە هەموو هێز و توانا و جەماوەرەکەیەوە پشتیوانى هەڤاڵ مەسروور بارزانییە

پەیامی کورد   ...   ووتەبێژی پارتی : پارتیمان بە هەموو هێز و توانا و جەماوەرەکەیەوە پشتیوانى هەڤاڵ مەسروور بارزانییە

مەحموود محەممەد، ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، ماوەیەکە، بەشێک لە بەرپرس و میدیاکانى یەکیتی نیشتمانی کوردستان، دوور لە پرەنسیپ و ئەتەکێتى سیاسى و لە ڕوانگەى دۆخى ناوخۆیى خودى یەکێتییەوە لە پارتیمان دەڕوانن و دژ بە ڕێزدار (مەسروور بارزانى) جێگرى سەرۆکى پارتیمان و سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، هەڵوێستى نەیارانە و قین لە دڵانە و چەواشەکارى و هەواڵى بێ بنەما، بڵاودەکەنەوە.

دەقی ڕاگەێندراوەکەی ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان.

ماوەیەکە، بەشێک لە بەرپرس و میدیاکانى یەکیتی نیشتمانی کوردستان، دوور لە پرەنسیپ و ئەتەکێتى سیاسى و لە ڕوانگەى دۆخى ناوخۆیى خودى یەکێتییەوە لە پارتیمان دەڕوانن و دژ بە ڕێزدار (مەسروور بارزانى) جێگرى سەرۆکى پارتیمان و سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، هەڵوێستى نەیارانە و قین لە دڵانە و چەواشەکارى و هەواڵى بێ بنەما، بڵاودەکەنەوە. دواترینى ئەو چەواشەکاریانەشیان، ڕۆژى ٢٦ى ٨ى ٢٠٢٤، لە ماڵپەڕی فەرمى یەکێتییەوە ڕاگەێندراوێک بەناوى سەرچاوەیەک لە یەکێتییەوە بڵاوکراوەتەوە.

ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان، بۆ ڕاى گشتى و خەڵکى خۆشەویستى کوردستان دووپاتى دەکەینەوە کە نووسەران و هاندەرانى پشت ئەو ڕاگەێندراوەى یەکێتى، لە ڕوانگەى دۆخى باڵباڵێنى ناو خودى خۆیانەوە، دەیانەوێت وێناى پارتیمان بکەن! پارتیمان خاوەن ڕێبازێکى ڕاست و درووست و، خاوەن ڕابەر و مەرجەعێکە کە سەرۆک (مەسعوود بارزانى)یە و هەموومان ڕێبورا و خەباتگێڕى ڕێبازى بارزانین و لە سایە و چەترى جەنابى سەرۆک بارزانیدا بۆ یەک ئامانج و یەک ڕێباز تێدەکۆشین.
ڕێزدار کاک مەسرور بارزانى کار و هەڵوێست و بۆچوون و سیاسەتەکانى لە حوکمڕانى و کارى سیاسیدا لە چوارچێوەى بەرنامە و هەڵوێستى پارتى دیموکراتى کوردستانە و هەر جۆرە تەجاوزێک بۆ سەر کەسایەتى (مەسروور بارزانى)، بەلاى پارتى و پارتییەکانەوە تەجاوزە بۆ سەر سەرجەم پارتییەکان و جەماوەى بەهەڵوێستى پارتى.
ئەوانە هێشتا پارتیان نەناسیوە و پەند لە مێژوو وەرناگرن، زۆرێک پێشتر خەونیان بەوەوە دەبینى کە پارتیش وەکوو خۆیان لێ بکەن، بەڵام هەروەک چۆن پێشتر ئەو خەون و خەیاڵەیان نەهاتە دى، دڵنیایان دەکەینەوە پارتی و پارتییەکان بەهێز و باوەڕبەخۆبوونەوە ئەو خەون و خەیاڵەیان جارێکى دیکە دەخەنەوە ژێر گڵ.
پارتیمان بە هەموو هێز و توانا و جەماوەرەکەیەوە پشتیوانى بەڕێز مەسروور بارزانییە بۆ بەردەوامى جێبەجێکردنى سەرجەم ئەرکەکانى.


مەحموود محەمەد
ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٧ـی ٨ـی ٢٠٢٤


ئەم بابەتە 93498 جار خوێندراوەتەوە