ووردەکارییەکانی ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئەمریکا بۆ گەرەنتی کردنی ئاسایشی ئۆکراین لە بەرامبەر ئیمتیازاتی کانگاکان
پەیامی کورد ... ووردەکارییەکانی ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئەمریکا بۆ گەرەنتی کردنی ئاسایشی ئۆکراین لە بەرامبەر ئیمتیازاتی کانگاکان
ئەمریکا لەم هەفتەیەدا پلانێکی بۆ ڕێککەوتنی دوو قۆڵی لەگەڵ ئۆکراین پێشنیار کرد بۆ گەرەنتی ئاسایشی ووڵاتەکەی لە بەرامبەر پشکێکی هاوبەش لە سامانی ووڵاتەکە لە ڕێگەی "سندووقی وەبەرهێنانی دوای جەنگەوە"، بەپێی ڕەشنووسی ڕێککەوتنێک کە یۆرۆنیووز بینیویەتی.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکە، ڕێککەوتنی دوو قۆڵی و ڕێککەوتنی پەیوەست بەم سندووقە بە "توخمێکی دانەبڕاو بۆ داڕشتنی ڕێککەوتنە دوو قۆڵی و فرەلایەنەکانی داهاتوو و هەروەها هەنگاوی کۆنکرێتی بۆ دامەزراندنی ئاشتییەکی هەمیشەیی" لە ووڵاتدا دادەنرێت.
لە ڕەشنووسەکەدا هاتووە کە ئەمریکا "لەسەدا سەد"ی بەرژەوەندییە داراییەکانی سندووقەکە دەهێڵێتەوە و بە هاوبەشی لەگەڵ ئۆکراین بەڕێوەی دەبات "بە ئامانجی پێش خستنی بەها ئابوورییەکانی پەیوەست بە ئۆکراین، نەک تەنها لە ڕووی سەرچاوە کانزاییەکان و سەرچاوەکانی نەوت و گاز، بەڵکوو لە ڕووی ژێرخانی و بەندەرەکانیشەوە."
بڕیارە سندووقەکە لە ماوەی ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئۆکراین بۆ ئاماری بەرهەمی ناوخۆیی تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ کاربکات.
هەروەها حکوومەتی ئۆکراین دەبێت تا لەسەدا ٥٠ی داهاتەکە بخاتە ناو ئەم سندووقەوە دوای لێبڕینی تێچووی کارکردن؛ بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ هەر خاکێک کە لە ئێستادا ڕووسیا داگیری کردووە و ڕەنگە داگیرکراوی لێبکرێتەوە، پشکی حکوومەتی ئۆکراین بۆ ٦٦% بەرز دەبێتەوە.
هەروەها لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە کە ڕێککەوتنی سندووقەکە "بە جیا" باس لە پرسی بەشداریکردنی حکوومەتی ئۆکراین بۆ سندووقەکە دەکات، جگە لەم بڕە پارەیە دوو ئەوەندەی ئەو بڕە پارەیە دەبێت کە ئەمریکا دوای ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکە پێشکەشی ئۆکراین دەکات. بۆ ئەم مەبەستەش ئەمریکا بەنیازە پابەندبوونێکی دارایی درێژخایەن بۆ پەرەپێدانی "ئۆکراین ەکی سەقامگیر و ئاوەدان لە ڕووی ئابوورییەوە" پێشکەش بکات.
ڕەشنووسەکە کە لەلایەن یۆرۆنیووزەوە بیندراوە، بەرواری ٢١ی شوباتی ٢٠٢٥یە و سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕەشنووسەکە ڕایگەیاندووە کە بڕیارە بەڵگەنامەکە "بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک" لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی شوبات پەسەند بکرێت.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ، نە ئۆکراین و نە حکوومەتی ئەمریکا ووڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوان لەسەر ڕەشنووسەکە نەدایەوە.
ئەم بابەتە 53 جار خوێندراوەتەوە