ووڵامی ترامپ بەرامبەر بە ڕاگەیاندنەکەی ماکرۆن سەبارەت بە فەلەستین ؛ " هەرچییەک بڵێت گرینگ نییە "
پەیامی کورد ... ووڵامی ترامپ بەرامبەر بە ڕاگەیاندنەکەی ماکرۆن سەبارەت بە فەلەستین ؛ " هەرچییەک بڵێت گرینگ نییە "
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە گرینگی هەڵوێستی ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسای کەم کردەوە سەبارەت بە دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستین و ووتی، "هەرچییەک بڵێت گرینگ نییە و ڕاگەێندراوەكەی هیچ قورساییەكی نیە".
دۆناڵد ترامپ، هەینی لە ووڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووسان دا سەبارەت بە نیازی فەڕەنسا بۆ ڕاگەیاندنی دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستین، بە گاڵتەجاڕییەوە ووتی، "ماكرۆن كەسێكی جیاوازە، ئەو باشە و یەكێكە لە یاریزانانی تیمەكە، بەڵام هەواڵە خۆشەكە ئەوەیە كە ئەوەی ئەو دەیڵێت، گرینگ نیە. ئەو هیچ ناگۆڕێت".
ترامپ، کە بە لێدوانە تووندەکانی دژی سەرکردە ئەورووپییەکان ناسراوە ووتی، "ئەو (ماكرۆن) ڕاگەێندراوێكی بڵاوكردەوە، بەڵام هیچ قورساییەكی نیە. ئەو كەسێكی زۆر باشە و زۆر كەیفم پێی دێت، بەڵام ڕاگەێندراوەكەی قورسایی نیە".
ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا نیازی خۆی ڕاگەیاند بۆ دانپێدانانی فەرمی بە دەوڵەتی فەلەستین لە میانەی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە مانگی (ئەیلوول/9)ی ئەمساڵ دا، لە چوارچێوەی جووڵەیەکی فراوانتری ئەورووپی دا بۆ فشارخستنە سەر چارەسەری دو دەوڵەت.
ئەو ڕاگەیاندنە شەپۆلێکی بەرفراوانی کاردانەوەی لێکەوتەوە، کە لە نێوان پێشوازی فەلەستینی و ڕەخنەی تووندی لایەنی ئیسرائیلی دا.
لەکاتێکدا بزووتنەوەی حەماس بڕیارەکەی وەک "هەنگاوێکی ئەرێنی بەرەو بەدیهێنانی دادپەروەری و مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی فەلەستین" وەسف کرد و لە ڕاگەێندراوێكدا داوای لە ووڵاتانی ئەورووپا کرد کە شوێن پێی فەڕەنسا هەڵگرن، هەروەها جەختی لەسەر پابەندبوونی خۆی بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەروەری فەلەستینی کە پایتەختەکەی قودس بێت کردەوە .
لە بەرامبەردا سەرکردەکانی ئیسرائیل، هەنگاوەکەی ماکرۆن یان بەتووندی ڕەتكردەوە. بێنیامین ناتانیاهوو، سەرۆک وەزیران ووتی، دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستینی "پاداشتی تیرۆرە" و "سەکۆیەکە بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل"، و هۆشداری دا لەوەی دەوڵەتی فەلەستینی ببێتە "بریکارێکی نوێی ئێرانی"، هەروەک غەززەی ئەمڕۆ وەسف کرد.
ئەم بابەتە 8 جار خوێندراوەتەوە