ووڵامێک بەرامبەر ڕاگەێندراوەکەی یەکیتی

پەیامی کورد   ...   ووڵامێک بەرامبەر ڕاگەێندراوەکەی یەکیتی 

سەرچاوەیەك بە ناوی یەكیتی نیشتیمانی كوردستانەوە، حزبەكەی بافڵ و قوباد، كە ڕاستتر وایە بڵێین تاقمی دوو براكەی دەباشان، ڕاگەێندراوێكی بڵاوكردەوە كە بە نەفەسێكی زۆر شپرزە و نامەسئوولانە و هەست بە شەرم و شكستەوە نووسراوە، پڕیەتی لە درۆ و چەواشەكاری و تەجاوز، كە هەمووان چاك دەزانن ئەو دووە هی ئەو بەردە گەورانە نین !..

خەڵكی كوردستان بە گشتی شایەدن ماوەیەكی زۆرە تاقمەکەی دەباشان، كە دەستیان بەسەر یەكیتی ـ دا گرتووە، بە هەموو ڕێگەیەك و لە هەر دەرفەتێكدا لەگەڵ نەیارانی کوردستان خەریكی پیلانگێڕین لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان و كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. 

لای هەمووان مەعلوومە كە هەر لەوەتەی، بافڵ و قوباد بە شێوەی کودەتا خۆیان سەپاند، تەنیا و تەنیا بۆ پەردەپۆشكردن و شاردنەوەی ناحەزی و بەرژەوەندییە کەسییەکانیان لە نێو حكوومەتدا ماونەتەوە، دەنا لە یەكەمین ڕۆژەوە هەرچییان پێكرابێت لە دژی حكوومەتی هەرێم كردوویانە و بە پارەی دزراوی خەڵکی سلێمانی هەرچی دمشڕ و زمانپیس و ئاست نزمە لە ناوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە دژی سەرۆکی حکومەت بەکاردەهێنن، بەڵام خۆڕاگری سەرۆك وەزیرانی كوردستان، مەسروور بارزانی، تێكڕای پیلانگێڕییەكانی ئەو دووانەی تێكشكاندووە و لە پێناو بەرژەوەندی باڵای خەڵكی كوردستان و سەقامگیری كوردستانیشدا، هەمیشە هەوڵی لێكتێگەیشتن و ئارامكردنەوەی دۆخەکەی داوە. 

ئەوەی بافڵ و قوباد لە ڕاگەێندراوەكەیاندا ناوی دەنێن سەركەوتن لە كەركووك، هیچ نییە، جگە لە درێژەدان بە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر و سووربوونیان لەسەر ئەو ڕێچكەیە، كە مێژوو بۆ هەمووانی سەلماندووە پاشەڕۆژی بە كوێ دەگات. ئەم خۆبادانەشیان جگە لە خۆڕیسواكردنی زیاتر شتێكی تری لێ ناكەوێتەوە. 

سەیرەكە لەوەدایە، ئەم دووانە لە ڕاگەێندراوەكەیاندا باسی باڵ و تاقمتاقمێنە دەكەن، ئەوان و ئەوانەش كە دەست لە پشتیان دەدەن، باش دەزانن كە پارتی، وەك حێزبەكەی ئەوان نییە و ئەو باڵباڵێن و شەڕەگەڕەكەی ئەوانی تێدا دەژین، لای پارتییەكان، مایەی گاڵتەجاڕییە، دەبێت باش بزانن، سیاسەت و قسە و هەڵوێستەكانی مەسروور بارزانی، گوزارشت لە هەموو پارتی دەكەن و پارتی لە یەكەمین ڕۆژەوە بە هەموو هێز و توانایەكییەوە یەك دەست و یەك هەڵوێست پاڵپشتی كابینەی نۆیەم و سەرۆكی حکوومەتە و هەرواش دەمێنێتەوە. هەر بوختان تەجاوزێكیش بۆ سەر كەسایەتی مەسرور بارزانی، بەلای پارتی و پارتییەكانەوە، تەجاوزە بۆ سەر سەرجەم پارتییەكان و جەماوەری پارتی.  

ئەوانە هێشتا پارتییان نەناسیووە، هێشتا هیچ لە مێژوو فێر نەبوون و كەمێكیش لەم دنیایە تێنەگەیشتوون. بۆیە لە پێناو كوردستان ئامۆژگارییان دەكەین، باشتر وایە، هەر نەبێت لەبەر خۆیان، بە ماڵە شوشەكەیانەوە واز لەو بەردەفڕكێیە بێنن، چوونکە نەك ئێمە و خەڵكی كوردستان و تەواوی هێزە سیاسییە نیشتیمانییەكانی كوردستان، بگرە لایەنەكانی عێراق و نێوەندە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەكانیش باش ئاگادارن، كە تاقمەکەی بافڵ و قوباد، دوو ساڵی ڕەبەق ئاستەنگی بێ مانا و لابەلایان دروستكرد تا هەڵبژاردن نەكرێت، ڕێگەی ناڕەوا نەما نەیگرنە بەر تا كارێك بكەن، بەڵكو ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بە دڵی ئەوان بێت، دوور نییە ئەو ڕاگەێندراوە بێسەروبەر و پڕ لە تەجاوزەی دوو ڕۆژی ڕابردوویان بۆ ئەو مەبەستە بێت، بەڵام بە هەڵەدا چوون، هەڵبژاردن دەكرێت و لە ئەنجامدا باجی مافیاگەری و تەجاوزیان بۆ سەر موڵك وماڵی گشتی خەڵكی كوردستان و یاساكانی هەرێمی كوردستان دەدەن.  

بە دڵنیایی یەوە، خەڵكی كوردستان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، لە ڕێگەی دەنگەكانیانەوە، كۆتایی بەو مافیاگەری و تاڵان و بڕۆ و تیرۆری ئەو تاقمە دێنن و بە ڕێگەی دیموكراسییانە، بافڵ و قوباد، تاڵاوی شكستی مێژوویی دەچێژن و فێردەبن بۆ داهاتوو، هیچ نەبێت قەبارەی خۆیان بزانن. گەلی كوردستان بە پەیامێكی زوڵاڵ و بە ڕێیەكی ئاشتییانە پیشانیان دەدات، ئەوانە كێن و چیان لەباردایە!..

 

سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان

                                             27ی ئابی 2024


ئەم بابەتە 93153 جار خوێندراوەتەوە