وەزارەتی بازرگانی : نووسینگە بازرگانییەکان ده‌به‌ینه‌ خاڵە سنوورییەکان

پەیامی کورد   ...   وەزارەتی بازرگانی : نووسینگە بازرگانییەکان ده‌به‌ینه‌ خاڵە سنوورییەکان

بەڕێوبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، چوار ھەزار مووڵەت بۆ ھاوردەکردنی کاڵا بە بازرگانان دراوە، لەگەڵ 170 مووڵەت بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ، بۆ ئاسانکاری پێدانی مووڵەتیش نووسینگە لە دەروازەکان دەکرێنەوە و لەوێ مووڵەت بە بازرگانان دەدرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، ڕایگەیاند، "ساڵی 2024 جمووجۆڵی بازرگانی بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیادی کردبوو، کە چوار ھەزار مووڵەت بە بازرگانان دراو بۆ ھاوردەکردنی کاڵا بۆ ھەرێمی کوردستان لە رێگەی دەروازەکانەوە، کە شەش ملیار دۆلار رەسیدیان بۆ ھاوردەی کاڵا دانابوو، بەراورد بە ساڵی 2023ش، 150 مووڵەت زیادی کردووە.

لەبارەی ھەناردەی بەرھەمی ناوخۆش بۆ دەرەوە، نەوزاد شێخ کامیل ووتی، " ساڵی 2024 لە ھەرێمی کوردستان 170 مووڵەتی ھەناردەشمان داوە، کە بەرھەمی ناوخۆ ھەناردەی ووڵاتان کراوە وەکوو کەرستەی لەکارکەوتوو و ھەناردەی بەرھەمی کشتوکاڵی بە ھەموو جۆرێکەوە وەکوو ھەنار و پەتاتە و بەرھەمی دیکەی ناوخۆ.

بەڕێوبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی دەشڵێت، "بەردەوام کار دەکەین بۆ ئاسانکاری بۆ بازرگانان بۆ ئەوەی جموجۆڵ و قەبارەی بازرگانی زیاتر بێت و ئێستا بەنیازین نووسینگە بازرگانییەکان ببەینە خاڵە سنوورییەکان و لەوێ مووڵەت بە بازرگانان بدرێت وەکو ئاسانکاری بۆ بازرگانان، بۆ ئەوەی دوانەکەون لە وەرگرتنی مووڵەت و بۆ باجیش ئەوەی پێمان بکرێت ئاسانکارییان بۆ دەکرێت، چوونکە لە ھەرێمی کوردستان ژمارەی بازرگانمان گەلێک زۆرە.

شێخ کامیل ڕوونیشی کردەوە، "بەردەوام ھەوڵ دەدەین پەیوەندی زیاتر لەگەڵ ووڵاتان بۆ کاری بازرگانی درووست بکەین و ھەرچی شاندی ووڵاتان دێت چاومان پێیان دەکەوێت و رێککەوتنیان لەگەڵ دەکەین و چەندین پێشانگاش بۆ ناساندنی بەرھەمەکانیان کراوەتەوە و ئێمەش بەشداریمان تێدا کردوون و ھەوڵەکانمان بەردەوامن، بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاتر بکرێت، چوونکە ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ زۆرینەی ووڵاتانی جیھان ھەیە، وەکوو ھێندووستان و ئەورووپا و ئەمریکا و ووڵاتانی کەندئاو و ئێران و تورکیا.


ئەم بابەتە 89 جار خوێندراوەتەوە