وەزارەتی دارایی و ئابووری : حکوومەتی فیدراڵ پابەند نییە بە خەرج کردنی پشکی هەرێمی کوردستان

پەیامی کورد   ...   وەزارەتی دارایی و ئابووری : حکوومەتی فیدراڵ پابەند نییە بە خەرج کردنی پشکی هەرێمی کوردستان

شاندی دانووستانکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسووڵ و نوێنەری ووڵاتان کۆبۆوە.   
    
ڕۆژی پێنج شەممە ١٦ ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥، شاندی دانووستانکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسووڵ و نوێنەری ووڵاتانی بیانی لە شاری هەولێر کۆبۆوە.  

لە کۆبونەوەکەدا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ڕاپۆرتێکی بەداتاو زانیاری و بەڵگەی فەرمی، لەسەر مێژووی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد خستەڕوو، هاوکات ئاماژەی بەو سیاسەتی فشارو جیاکارییە کرد کە زیاتر لە دە ساڵە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و تا ئێستاش بەردەوامە. 
لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەیەدا وەزیری دارایی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستانی لەگەل حکوومەتی فیدراڵ لەساڵی ڕابردوو ڕوونکردەوەو ڕایگەیاند هیچ ساڵێک حکوومەتی فیدراڵ پابەند نەبووە بە خەرج کردنی پشکی هەرێمی کوردستان و لە پێنج ساڵی ڕابردوودا پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بوودجەی گشتی عێراق لەکۆی زیاتر لە ( ٨٤٥ ) ترلیۆن دینار، نزیکەی ( ٧٣ ) ترلیۆن دینار بووە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە تەنها ( ٢٣،٨٢٧،٣٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) لەماوەی ئەو پێنج ساڵەدا بۆ هەرێمی کوردتان خەرج کراوە کە دەکاتە ڕێژەی تەنها لە ( ٣٢ ٪ ) شایستەی هەرێم و لە ( ٢،٨١ ٪ ) کۆی بودجەی عێراق لەو پێنج ساڵەدا، ئەوەش لە کاتێکدایە زیاتر لە (٤) ترلیۆن دیناری ئەو پارەیە بەقەرز لەسەر هەرێمی کوردستان هەژمار کراوە.


ئەم بابەتە 38 جار خوێندراوەتەوە