وەزارەتی دارایی و ئابووری : شاندی هەرێمی کوردستان گەڕانەوە هەولێر

پەیامی کورد    ...   وەزارەتی دارایی و ئابووری : شاندی هەرێمی کوردستان گەڕانەوە هەولێر

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوەی گرینگ لەبارەی پرسی بوودجە و مووچە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق، کۆتایی یان بەسەردانەکەیان بۆ بەغدا هێناو گەڕانەوە هەولێر.

ئەمشەو چوارشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە: "دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوەی گرینگ و سەرکەوتوو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لە سەر پرسی بوودجە و مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، شاندی هەرێمی کوردستان کۆتاییان بەسەردانەکەیان بۆ بەغداد هێناو گەڕانەوە هەرێمی کوردستان."

شایانەی باسە ئەمڕۆ چوارشەممە 3/4/2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەێندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدڕال و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت."


ئەم بابەتە 92053 جار خوێندراوەتەوە