وەزارەتی ناوخۆ : ڕووداوەکانی ھاتووچۆ نزیکەی ٥٠% کەمیان کردووە
پەیامی کورد ... وەزارەتی ناوخۆ : ڕووداوەکانی ھاتووچۆ نزیکەی ٥٠% کەمیان کردووە
بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بە ھۆی دانانی کامێرا لە شەقامەکان، ڕووداوەکانی ھاتووچۆ و مردن لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەراورد بە ئێستا نزیکەی ٥٠% کەمیان کردووە.
دکتۆر ھێمن میرانی، بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، بە ھۆی دانانی کامێرای چاودێری ھاتووچۆ لە شەقامەکان، بە لایەنی کەم بەراورد بە ڕابردوو ٥٠%ی ڕووداوەکانی ھاتووچۆ و گیان لەدەستدان کەمیان کردووە، کە ئەمە لە ماوەی دوو ساڵدا ئەو ڕێژەیە کەمی کردووە، ئەوەش دەریدەخات کە دانانی کامێراکان کاریگەری زۆری ھەبووە، بۆیە لە پێناو سەلامەتی گیانی خۆیان و زیانی ماددیش، پێویستە پابەندی سەلامەتی لێخورینی ئۆتۆمبێل و سەرجەم ڕێنماییەکان بن.
میرانی ووتیشی، داھاتی ھاتووچۆ ١٠٠%ی وەکوو داھاتی دەرھێنانی مووڵەتی شوفێری و داھاتی نوێ کردنەوەی ساڵیانە و داھاتی کامێراکان ھەمووی دەچێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ڕۆژانە داھاتەکان لە بەڕێوبەرایەتی ھاتووچۆکان دەچێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و وەزارەتی دارایی کۆتایی مانگ ڕێژەیەک لەو داھاتە ١٧ بۆ ٢٥%ی دەداتە وەزارەتی ناوخۆ، ئێمەش بەو داھاتە تەواوی پڕۆژەکانی خۆمان، کە پۆلیس و ئاگرکوژێنەوە و و تیمەکانی فریاکەوتن و ھەندێ پڕۆژەکانی پارێزگانیش لەسەر داھاتەکە خەرج دەکرێت و بەشێکی داھاتەکەش بۆ چاککردنەوەی کامێراکان تەرخان دەکرێت، چونکە ئەو کامێرایانە تێچووی زۆریان پێویستە.
بەڕێوبەری گشتی دیوان دەشڵێت، ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە باجی هاتنەژوورەوە و ژینگە لێیان خۆش دەبن و لە تابلۆش ھەروەھا لێیان خۆش دەبن، ئەمەش وەکوو ھاندانە بۆ ئەوەی خەڵک بەکاریان بێنێت، بۆیە کارئاسانی زۆریان بۆ کراوە تا خەڵک ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە بەکاربێنن.
ئەم بابەتە 33 جار خوێندراوەتەوە