وەزارەتی ناوخۆ ھۆكاری کەم بوونەوەی ڕووداوەکانی ھاتووچۆ ئاشكرا کرد
پەیامی کورد ... وەزارەتی ناوخۆ ھۆكاری کەم بوونەوەی ڕووداوەکانی ھاتووچۆ ئاشكرا کرد
بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، گرتنەبەری ھەندێک ڕێکار وای کردووە ڕووداوەکانی ھاتووچۆ لە ھەرێمی کوردستان کەم ببنەوە، لەوانە دانانی کامێراکان لەسەر شەقامەکان و ڕێگریکردن لە ھێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی مەرجی سەلامەتییان تێدا نییە.
ھێمن میرانی، بەڕێوبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ڕووداوەکانی ھاتووچۆ لە ھەرێمی کوردستان کەم ببنەوە و لە ئێستادا بەھۆی ھەندێک ڕێکارەوە ڕووداوەکانی ھاتووچۆ لە ھەرێمی کوردستان کەم بوونەتەوە، لەوانە دانانی کامێرا لەسەر شەقامەکان وای کردووە ڕووداوەکانی ھاتووچۆ لە ھەرێمی کوردستان کەم ببنەوە و جگە لەوەش ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە پشکنین دەرناچن، کە مەرجی سەلامەتییان تێدا نییە، بە ھیچ شێوەیەک تۆمار ناکرێن و پێویستە بگەڕێندڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی ھاوردە کراون لەلایەن بازرگانانەوە.
میرانی ووتیشی، دانانی ئەو کامێرایانەی لەسەر شەقامەکان دانراون، ڕووداوەکانی ھاتووچۆ و ژمارەی قوربانیانیشی بەراود بە پێش دانانی کامێراکان زۆر کەم کردووەتەوە، بۆیە ئەوە کارێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە ڕووداوەکانی ھاتووچۆ و داھاتیشیان بۆ وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، تەنیا بەشێکی نەبێت بۆ ھەندێک بابەتی پەیوەست بە کامێراکان وەکوو چاککردنەوە و بابەتی ھونەری خەرج دەکرێت، ئەگەرنا ئەوەی دیکە بۆ وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە.
ئەم بابەتە 60 جار خوێندراوەتەوە