وەزارەتی پەروەردە "زیاتر لە ٥ھەزار و ٥٠٠ مامۆستا خانەنشین دەبن"

پەیامی کورد   ...   وەزارەتی پەروەردە "زیاتر لە ٥ھەزار و ٥٠٠ مامۆستا خانەنشین دەبن"

 بریکاری وەزارەتی پەروەردەی  حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ووتی "لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٥ھەزار و ٥٠٠مامۆستا خانەنشین دەبن، بەڵام لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران ھەوڵ دەدەین ھیچ کاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندن درووست نەکات و ئەو گرفتە چارە بکرێت".
دکتۆر سەیوان فەرج، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "بەپێی بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ خانەنشینی لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٥ھەزار و ٥٣٤ مامۆستا خانەنشین دەبن و بڕیاری حکوومەت دەیانگرێتەوە، ڕاستە کاریگەری دەبێت لەسەر پرۆسەی خوێندن، بەڵام لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران خەریکین چارەی ئەو گرفتە بکەین."
دکتۆر سەیوان فەرج ووتیشی "بەپێی ئەو بڕیارەی دەرچووە، پێویستە ئەوانەی تەمەنیان بۆتە ٦٠ ساڵ دەستبەرداری پیشەکەیان بن، بۆیە وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر خەتن بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە بەجۆرێک چارە بکەن کاریگەری ئەو بۆشایی یەی درووست دەبێت کەم بکرێتەوە، چونکە تەنیا ئێمە نین، لە وەزارەتەکانی دیکەش ئەو گرفتە ھەیە، بە ھەموو وەزارەتەکانەوە نزیکەی ٣٦ھەزار کەس خانەنشین دەبن، بۆیە حکوومەت ھەوڵ دەدات ڕێگایەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی گرفتی کەمی میلاک دروست نەبێت."


ئەم بابەتە 80 جار خوێندراوەتەوە